حکوومەت ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەشت ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی بودجەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە و لە ئامادەکاریدایە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ هەرێمی کوردستان داهاتەکانی لەسەر بنەمای یاسای بودجە خەرج بکات.

٢٨ی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی رەشنووسی بودجەی ساڵی٢٠٢٢ی کرد و ئاماژەی دا، به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی له‌ رۆژی حەوتی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان ده‌ستیان کردووە به‌ گفتوگۆ.
وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە له‌ رۆژی ٢١ی تشرینی دووەم كۆتایی به‌ گفتوگۆكان هاتووە له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌كارخستن یان تەشغیلی و تەنیا چاوەڕێی له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سووشتییه‌كان دەکەن، كه‌ داتای پێویستیان نەبووە و چاوەڕوانن ئەوانیش داتاکان بنێرن و لەگەڵ بودجەی وەبەرهێنان، هەوڵی تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بدەن.
لە جیهاندا هەموو حکوومەتێک بەگوێرەی ئەو داهاتەی هەیەتی خەرجییەکانی خۆی دەستنیشان دەکات و پلانی خەرجییەکان و سەرجەم پڕۆژەکانی بە گوێرەی داهاتەکەی دادەڕێژێت. ئەو داهاتانە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێن و کاتێک پەسند دەکرێت بە فەرمی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و خەڵک و دامەزراوەکان لە کۆی داهات و خەرجییەکان بەرچاوڕوونییان دەبێت.
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی و کاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەولێر ئاماژەی بەوەدا تا حکوومەت و وەزارەتەکان راپۆرت و پڕۆژەیاساکەیان ئامادە نەکەن و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند نەکرێت ئەوان ناتوانن لە پەرلەمان تاوتوێی بکەن . ڕایدەگەیەنێت؛ بۆ ساڵی داهاتووش حکوومەت لەهەوڵدایە پڕۆژەکە ئامادە بکات، بەڵام دیسان پرسی دڵنیابوون لە پشکی دارایی هەرێمی کوردستان لە عێراق بابەتێکی ترە کە پێوەندی بە پرسی زوو یان درەنگ ئامادەکردنی پڕۆژەکە هەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەشت ساڵە هیچ پڕۆژەیەکی بودجەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە و بە بێ هیچ یاسایەکی بودجە ساڵانە ئەو داهاتەی دەستی کەوتووە خەرجی کردووە. پێشتر یەکێک لە گرنگترین ئەو باس و خواستانەی هۆڵی پەرلەمانی پێ گەرم دەکرا و راستەوخۆش کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک و پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە هەبوو ئەو بودجەیە بووە رەوانەی پەرلەمان کراوە و دوای ماوەی چەندان هەفتە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی مادەکان، بە زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان پەسند دەکرا و هەر خۆیشی پەرلەمان چاودێری چۆنیەتیی خەرجکردنەکەی دەکرد.
یەکێک لە هۆکارەکانی نەبوونی یاسای بودجە ئەوە بووە حکوومەت خۆیشی بە تەواوی نەیزانیوە داهاتەکانی چەندە چونکە ئەو پشکەی لە بەغداوە بۆی دەهات بە تەواوی بڕدرا و خۆی پشتی بە فرۆشتنی نەوت دەبەست کە قەبارەی هەناردەکەی و تەنانەت زۆرجار نرخەکەشی دیار نەبوو.
دواین رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا بۆ سەرەتای ئەمساڵ دەگەڕێتەوە کە پشک و ئەرکی هەرێم لە بودجەی عێراق دیاری کرا و دواتر لە چوارچێوەی رێککەوتنێک حکوومەتی عێراق مانگانە ٢٠٠ ملیار دیناری ناردووە و حکوومەتی هەرێمیش بۆ ئەوەی تر هەر پشت بە داهاتی ناوخۆ و نەوت دەبەستێت.
لە سەرەتای٢٠١٤ حکوومەتی عێراق بە فەرمی بەشی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و بەمەش هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەران تووشی تەنگژەی دارایی بوو. دواتر سەرهەڵدانی داعش و جەنگی تیرۆر و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی سەدان هەزار ئاوارەشی پێوە زیاد بوو و هێندەی تر باری دارایی هەرێمی کوردستانیان قورس کرد.
داهاتی هەرێمی کوردستان پێشتر دیار بوو و دەزانرا چ پشکێک لە بەغداوە دێت و بڕی پارەکە چەندە، بەڵام ئەمجارە کە هی بەغدا دیار نەبوو ئەوەی کوردستانیش ئەوەندە نەبوو بەشی سەرجەم پێداویستییەکان بکات؛ جگە لەمە هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دەستپێکی فرۆشتنی نەوتدا بوو و بە ناچاری ئەم رێگایەی بەسەردا سەپێنرابوو و تەنانەت لە دۆزینەوەی کڕیار و ساغکردنەوەی بەرهەمەکەش کێشە و لەمپەری بۆ دروست دەکرا.
گرنگیی پڕۆژەی بودجە ئەوەیە خەمڵاندن دەکرێ بۆ داهات و بە گوێرەی ئەو داهاتانە خەرجییەکان دابەش دەکرێن و هەندێک جار خەمڵاندنەکە راست دەرناچێت لەوانەیە تووشی کورتهێنانی بودجە بیتەوە وهەندێک جاریش بە پێچەوانە لەوانەیە داهاتەکە بەرز ببێتەوە و لە هەر دوو حاڵەتیشدا ئەوەی زۆر گرنگە بوونی شەفافیەت دەبێت لە خەرجی و داهاتەکان.

ھەواڵی زیاتر