نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: دەربارەی ڕووداوی بەلەمە نقومبووەکەی نێوان بەریتانیا-فەڕەنسا (بەندەری ئینگلیز)، نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە لەسەر ئەم پرسە لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەڕەنسا و لێکۆڵەری دادگەی پاریس و پۆلیسی فەڕەنسی و باڵیۆزخانەی عێراق لە فەڕەنسا.

ڕاشیگەیاند: لەو چوارچێوەیەدا ئەفسەری پۆلیسی شاری کالبێ و بەرپرسی تیمی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی قوربانیانی ئەو ڕووداوە پەیوەندیکرد بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا.

نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا ئەو زانیارییانەی ڕاگەیاند کە لە پەیوەندییەکەدا لەلایەن سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکان خرانەڕوو کە بریتییە لە دۆزینەوەی 27 قوربانی کە هێشتا دیار نییە لەو ژمارە چەندی هاونیشتمانی کورد و خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها تەرمەکانیش لە بەشی پزیشکی دادی پۆلیسی شاری لیلە.

هەروەها لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی شێوان یان شێواندنی تەرمی قوربانییان لە چەند سەرچاوەیەک و بەتایبەتیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دووپاتی کردەوە کە تەرمەکان بە هیچ شێوەیەک نەشێواون، هەروەها دوو گرووپی پسپۆڕ خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر تەرمەکان کە ئەوانیش یەکێکیان گرووپێکی پزیشکی پسپۆڕ و ئەوەی دیکەیان پزیشکی دادن، پۆلیسی فەڕەنسی ئاماژەی بەوە کرد کە لە دەرەوەی ئەم دوو گرووپە هیچ کەسێک تا ئێستا نەیتوانیووە تەرمی قوربانییەکان ببینێت و تاوەکو لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبن ئەو مافە بە کەس نادرێت.

هەروەها پۆلیسی فەڕەنسا ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر کاتێک توانرا ناسنامەی تەرمەکان ئاشکرا بکرێت لە ڕێگەی پشکنینی (دی ئێن ئەی) یا پەنجەمۆر و پشکنینی ددانەوە، ئەوکاتە لە ڕێگەی دادوەرەوە بەڵگەنامەی مردن بۆ قوربانییانی ڕووداوەکە دروست دەکرێن.

لە ڕاگەیانراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە باڵیۆزخانەی عێراق و نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەو دۆسیەیەدا دوو تاکە لایەنی فەرمین کە پۆلیس و وەزارەتی دادی فەڕەنسا هەماهەنگییان لەگەڵ دەکەن بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییان و دواتریش گەڕانەوەی تەرمەکان، ئەوەش لە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان کە چاوەڕێ دەکرێت لێکۆڵینەوەکان چەند هەفتەیەک بخایەنن.

ھەواڵی زیاتر