یەکێک لە بریندارەکانی هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری داعش لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا و بووە شەشەم شەهیدی ئەو هێرشە.
ئەمڕۆ دووشەممە 29-11-2021 دوای دوو رۆژ لە هێرشی داعش بۆ سەنگەرێکی پێشمەرگە، بریندارێکی دیکەی هێرشەکە بە ناوی عومەر تۆفیق حەمید کە لەدایکبووی 1986ـە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
شەوی شەممە 27-11-2021 چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون، کە ئەمشەو یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
شێرزاد محەممەد کە خزمێکی نزیکی عومەر تۆفیقە رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ نزیک کاژێر 9 گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکەن و سبەینێش لە کەلار بەخاکی دەسپێرن. عومەر تۆفیق لە ساڵی 2004ـەوە پێشمەرگەیە و پێنج منداڵی هەیە کە یەکێکیان کوڕە و چواری دیکەیان کچن.
ناوی شەهید و بریندارەکانی پێشمەرگە و شوێنی نیشتەجێبوونیان: شەهیدەکان:
ئیبراهیم بارام – عەربەت
ئیسماعیل محەممەد – سەیدسادق
ئاراس سەمین – سەیدسادق
ئەمین حوسێن- زەڕایەن
نەبەرد سەعید – عەربەت
عومەر تۆفیق – کەلار
بریندارەکان:
هێمن رۆستەم محەممەد – سەیدسادق
جەمال کەریم محەممەد – هەڵەبجەی تازە
عەتا عەلی – سەیدسادق
عەفان خالید حەمە عەلی – خورماڵ