پێش کۆتاییی ساڵ دوو پڕۆژەی ئاو لە مێرگەسۆر دەکەونە کار

لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دوو پڕۆژەی ئاو لەژێر جێبەجێکردنن و قایمقامی مێرگەسۆریش دەڵێت، پێش کۆتاییی ئەمساڵ ھەردوو پڕۆژەکە کۆتایییان دێت و ئاو بۆ ژمارەیەک گوندی سنووری مێرگەسۆر دابین دەکرێت.

غەفوور ئەحمەد مالەسواری، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ڕایگەیاند:  ”دوو پڕۆژەی ئاو لە سنووری قەزا مێرگەسۆر خراونەتە بواری جێبەجێکردن و کارکردن بۆ تەواوکردنیان بەردەوامە، ئێمە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی تا کۆتاییی ئەمساڵ ھەردوو پڕۆژەکە تەواو بکرێن و ئاو بۆ سنووری دەڤەری مێرگەسۆر دابین بکەن.”

قایمقامی مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “یەکێک لە پڕۆژەکان دەکەوێتە سنووری ناحیەی مەزنێی دەڤەری مێرگەسۆر و ئەوی دیکەش ھەر لە سنووری قەزاکە جێبەجێ دەکرێت و لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەیان بۆ تەرخان کراوە.”

مالەسواری دەڵێت: “پێشتر لە ژمارەیەک گوندی سنووری مێرگەسۆر کێشەی کەمئاوی ھەبوو، بەڵام بە تەواوبوونی ئەو دوو پڕۆژەیە کێشەی کەمئاوی کۆتایی دێت و ھاووڵاتییانی دەڤەری مێرگەسۆر سوودمەند دەبن لە پڕۆژەکانی ئاو، بەتایبەتی ئەمە دوو ساڵە بەھۆی کەمیی بارانەوە ئاو کەمی کردووە.”

قائید میرۆ

ھەواڵی زیاتر