مەکتەبی سیاسی پارتی پەیامێک سەبارەت بە پەلامارە تیرۆرستییەکەی سنووری کوڵەجۆ بڵاوکردەوە

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە پەلامارە تیرۆرستییەکەی سنووری کوڵەجۆ بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی پەلامارە تیرۆریستیيەکە دەکات و هه‌روه‌ها سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەھیدە سەربەرزەکان دەکات.

مەکتەبی سیاسی پارتی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: شەوی 27ـی 11ـی 2021 تیرۆریستانی داعش لە سنووری کوڵەجۆ کردەوەیەکی تیرۆریستییان ئەنجام دا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان لە کاتی ئەرک و لەپێناو پاراستنی وڵات شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە سەرکۆنە و سەرزەنشت دەکەین و پرسەی خۆشمان ڕادەگەیەنین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ڕاشیگەیاند: داواکارین بۆ لەمەودوا بە هەموو توانا و بە هەموولایەک هەوڵ بدەین و بە جددی کار بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی ئەو کردەوە و پەلامارە تیرۆریستییانە بکەین کە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە و رێگە لەو کار و چالاکی و هەڕەشانە بگیرێ. 

 هەروەها داوا دەکات کە ئەو بۆشاییە ئەمنییەی هەیە چارەسەر بکرێ بۆ پاراستنی ئاسایشی دانیشتووانەکەی و سەقامگیریی و ئارامیی ئەو شوێن و ناوچانە.

مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆتایی ڕاگەیانراوەکەشدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان دەنێرێت و نووسیویەتی: سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شەڕی رووبەڕوبوونەوەی داعش و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان.

ھەواڵی زیاتر