ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ـدا لەلایەن بەغداوە کارێکی هەڵە بوو

ژمارەی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رووی لە زیادبوونە و شەوی ١٠ لەسەر ١١ی ئەم مانگەش جارێکی دیکە لە سنووری کوڵەجۆ ٥ پێشمەرگەی دیکە بە دەستی تیرۆریستانی داعش شەهید کران. بەرپرسێکی پێشمەرگە پێی وایە کاتی خۆی هەڵە کرا کە عێراق کۆتایی داعشی راگەیاند لە کاتێکدا داعش تەنیا دەسەڵاتەکەی رووخا، بەڵام تاکتیکی شەڕیان گۆڕی و بە کۆمەڵێک هۆکار بوونەتە مایەی سەرئێشە و تێکدانی دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند راگەیاندنی شکستی داعش لە کاتی خۆیدا لە لایەن حکوومەتی عێراق کارێکی هەڵە بووە و دەبوایە کاتێک شکستی کۆتایی داعش رابگەیەنرێت کە بە راستی تێك شكابێت.
ئەو ئاماژەی داوە یەکێک لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی وایکردووە دووبارە رێکخراوی تیرۆرستیی داعش دەست بە چالاکی و کردەوە تیرۆریستییەکانیان بکەنەوە پێوەندیی بەو ناوچانەوە هەیە کە بە ناوچەی کیشەلەسەر بەناوبانگن و نە هێزی پێشمەرگە و نە هێزی فیدراڵی لێیە و بووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی تیرۆرسیتان ئەو بۆشاییە تەناهییە لە قازانجی خۆیاندا بقۆزنەوە.
رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ هۆکار بوو لەوەی پێشمەرگە لە سنووری مادەی ١٤٠ بە تەواوی بکشێتەوە و سوپای عێراقیش کە بەو دۆخە نوێیەی لە ناوچەکە هاتبووە کایەوە شاگەشکە ببوو، دوای شکستی داعش لە مەیدانی جەنگ و کەوتنی مووسڵ، کۆتایی داعشی راگەیاند بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە چۆن ئاسایشی ناوچەکە دابین بکات.
ئەوەی لەو چەند ساڵەدا لەو ناوچانە چالاکی هەبووە میلیشیاکانی حەشدی بوون ئەوانیش نەک نەیانتوانی ئاسایشی سنوورەکە دابین بکەن بەڵکوو خۆیان بوون بە بەشێک لە تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و دەرفەتێکی زێڕین بۆ داعش تا دووبارە پەرە بە زیندووکردنەوەی شانە نوستووەکانی بدات.
بە پێی ئامارێک کە یاوەر دەیخاتە ڕوو ئاماری قوربانیان بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش روو لە بەرزبوونەوەیە و وەک پێویست نەتوانراوە پێش بە هێرشەکان بگیرێت. ناوبراو روونی کردەوە لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داعش ١٧٠ کردەوەی تیرۆریستی هەبووە و بەهۆیەوە ٨٣٧ کەس بریندار بوون یان گیانیان لەدەست داوە.
بە پێی ئامارەکەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ، لە ساڵی ٢٠٢٠ داعش٢٣٠ کردەوەی تیرۆریستی و هێرشی كردووە و بەهۆیەوە ٨١٢ کەس کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە. راگەیاندنی شکستی کۆتایی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن داعش هەڵەگەورەکە بووە و تەنیا دەسەڵاتی داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە بەڵام وەک گرووپێکی تیرۆریستی ماونەتەوە و درێژەیان بە تیرۆر داوە.
بە گوتەی جەبار ئاوەر، داعش تاکتیک و شێوازی جەنگی گۆڕیوە و جاران کە لە میحوەرەکان بە شێوەی بەرەیی جەنگیان دەکرد و چەکی قورسیان بەکار دەهێنا، ئەمجارە خۆیان بەسەر گرووپی بچووکی چەکداردا دابەش کرد و لە رێی دانانی مین و بۆمب و رفاندنی خەڵک کێشەیان بۆ ئاسایشی عێراق دروست کردووە و زۆرترین کێشەش لەو شوێنانەیە کە بۆشایی تەناهی هەیە و ناوچەکانی خانەقین دەست پێ دەکەن و تا سنووری سحێلا لە نزیک سووریا درێژەیان دەبێت.
بەگوێرەی میدڵست نیوز، یاوەر رەخنەی توند لەوە دەگرێ کە هیچ هەماهەنگی و هاوکارییەک لە نێوان هیزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە و بە بەرینی ٤٠ کیلۆمەتر بووەتە مەیدانی رمبازێنی تیرۆریستان.
جێی باسە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشتر چەندان رێککەوتنیان بۆ هەماهەنگی و هێزی هاوبەش لە ناوجە کوردستانییەکان هەبووە بەلام هەنگاوەکان سست بوون و نەتوانراوە ئەو بۆشاییە ئەمنییە بە هیزی هاوبەش پڕ بکرێتەوە.
پێشتر شاخەوان عەبدوڵا نوێنەری سەرکەوتووی کەرکووک بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق لەم رووەوە نیگەرانی خۆی بۆ هەولێر راگەیاندبوو و باسی لەوە کردبوو ئەگەر زوو رێککەوتنە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێ نەکرێن ئەوا گومانیان لە نیەتی بەغدا دەبێت و دۆخەکەش خراپتر دەبێت.

ھەواڵی زیاتر