شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

فه‌ره‌نسا سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری پێنج شه‌هیده‌كه‌ی كوڵه‌جۆ ده‌كات

كونسوڵخانه‌ی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌خت په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی كه‌سوكار و خێزانی پێنج شه‌هیده‌كه‌ی كوڵه‌جۆ كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: “كونسوڵخانه‌ی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر، سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی خێزانه‌كانی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ دوێنێ شه‌و له‌ كوڵه‌جۆ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا شه‌هید بوون. كونسوڵخانه‌ هاوسۆزی خۆی بۆ هاوڕێ برینداره‌كانیان ده‌رده‌بڕێت”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، كونسوڵخانه‌كه‌ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر به‌ زمانی كوردی نووسیویه‌تی: “جه‌نگی دژی داعش جه‌نگی هاوبه‌شی ئێمه‌یه‌، ئێمه‌ رژدین له‌ به‌رده‌وامیدان به‌و جه‌نگه‌ شان به‌ شانی پێشمه‌رگه‌كان، هێزه‌كانی ئه‌منی عێراق و هاوبه‌شه‌كانمان له‌ هاوپه‌یمانی”.

شه‌وی رابردوو، له‌ ئاكامی په‌لامارێكی داعش و ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو له‌سه‌ر رێگه‌ی كاروانێكی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كوڵه‌جۆی سنووری گه‌رمیان پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون.