ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەستکاری نەکردنی کرایەوە .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم دا بە ئامانجی پشت نەبەستن بە تاکە سەرچاوەیەکی داهات و کارکردن بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز و بوونی هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر .
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی کێشەی کۆچبەران کرا و پێویستیی هەماهەنگیی و کاری هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە تاوانی ڕێکخراو و کۆچی نایاسایی دووپاتکرایەوە .