“پێویستە هەرێمی کوردستان لە ئابووریدا چاکسازی بکات” “پێویستە هەرێمی کوردستان لە ئابووریدا چاکسازی بکات”

نووسینی: دەیڤید رۆزنبیرگ

هەموومان نیگەرانی زۆرمان لەبارەی دۆخی کۆچبەران هەیە کە لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان گیریان خواردووە، ئەوان مەترسی دەخەنە سەر ژیانیان لە پێناوی ژیانی دیکەی نوێ، خۆیان دەخەنە نێو ژیانێکی سەختی کەمپەکان، بە چاوپۆشین لەوەی ئەو وڵاتانە باس لە بوونی یاسایی و نایاسایی بوونی ئەو کۆچبەرانە دەکەن، ناتوانی گفتوگۆی ئەوە بکەی ئەوان زۆربەیان لە توندوتیژی هەڵدێن وەکو ئەو کۆچبەرانەی لە سووریاوە دەچنە وڵاتانی دیکە یان لەبەر دۆخی سەختی ئابووریی وڵاتانی وەکو سوودان، ئەریتیریا و غەززە، بەڵام بۆچی خەڵكی كوردستان وڵاتی خۆیان بەجێ دێڵن؟ راستە ئەو هەرێمە دوبەی و سەنگافوورا نییە لە کاتێکدا زۆر جار ئەو بەراوردە هەیە، بەڵام هەرێمەکە لەمێژە دوڕگەیەکی ئارامی ناوچەکەیە، هێشتاش دۆخەکە هێندە خراپ نییە وەکو ئەوەی باس دەکرێ، پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی عێراق یان وەکو سووریا، بۆ نموونە هێشتا کار و پێشکەوتنی تێدایە، ئەمە هۆکاری کۆچی ئەو ٨ هەزار کوردە نییە لەو ١٧ هەزار کەسەی لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووسیان، ئەوان لەلایەن لوکاشینکۆوە وەکو کارتێک بەکار دەهێنرێن. بیلاڕووسیا بە ئاسانی و بەمەبەست ڤیزای دایە عێراقی، ئەفغانی، سووری و کوردیش، هیچ پرسیارێکی لێ نەکردن لەبارەی هۆی چوونیان بۆ وڵاتەکە، پاشان رێنوێنیی کردن بۆ چوونە سنووری پۆڵەندا و لیتوانیا. کۆچبەری هۆشیار زوو لەوە تێ دەگات ئەگەر بەدوایدا بڕوات و بگەڕێ دەزانێ بیلاڕووسیا وڵاتێکی ئازاد و دەستەبەرکردنی هەل نییە، جگە لەوەش تێ دەگات لیتوانیا و بولگاریا هەرچی پێیان بکرێ دەیکەن بۆ رێگری لە چوونی ئەو خەڵکە بۆ ناو خاکەکەیان. سەرەڕای هەموو ئەوانە هێشتا هەندێک کورد بڕی زیاتر لە ٥ هەزار دۆلار دەدەن و خۆیان دەخەنە بەردەم قەدەر و مەترسی و لە وڵاتەکەیان هەڵدێن. هەرێمی کوردستان نموونەی چیرۆکێکی سیاسیی سەقامگیر و ئارامییە، ماوەی دوو دەیەیە هەرێمی کوردستان دوورە لەو ئاڵۆزی و پشێوییەی لە عێراق و شەری ناوخۆ لە سووریا هەیە، سەرەڕای ئەوەی سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە، لەگەڵ سنووری هاوبەش لەگەڵ دوو وڵاتی ئارام بەڵام سەر بە کێشە.
یەکێک لەو کێشانەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا تووشی هات، پشتبەستن بوو بە نەوت وەکو سەرچاوەی سەرەکی داهات لەجیاتی وەبەرهێنان لە ئابووری و گەشەپێدانی، خاڵێکی دیکەش بوونی ژمارەیەکی زۆر پشتبەستووی فەرمانبەران بوو بە کەرتی حکوومی پێچەوانەی هەموو جیهان کە رێژەی فەرمانبەرانی حکوومی لە نێوان سەتا ٦٥ بۆ ٦٨ــە بەڵام رێژەکە لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سەتا ٨٥ تەنانەت زۆربەی خەڵک پشت بە قەرز و مووچەی حکوومی دەبەستن، جگە لە کەمی هەلی رەخساندنی کار بۆ زۆر کەس.
هەموو ئەوانە لە نێوان ساڵابیللنی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣ زۆر گرنگ نەبوون کاتێک نرخی نەوت بەرز بوو و گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی گەیشتبووە سەتا ١٢، هەموو ئەوانەش بوونە هۆی سەرنجراکێشانی خەڵکێکی زۆر و بووە سەقامگیرترین و ئارامترین ناوچە و وەبەرهێنەرێکی زۆری بیانی رووی تێ کرد.
بەڵام کاتێک نرخی نەوت دابەزی لە ٢٠١٤دا و گەیشتە نزمترین ئاست لە کاتی کۆرۆنادا وای کرد داهاتی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە، بەغداش کە دەبوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، خۆی کۆمەڵێک کێشە بەرۆکی گرت و پارەی نەنارد، ئەوەش وای کرد پێدانی مووچە زەحمەت بێ و قەرزی حکوومەتیش گەیشتە ٢٨ ملیار دۆلار، نەوت هەندێک نرخەکەی بەرز بووەوە، بەڵام سەرکردەکانی کوردستان لەو باوەڕەدا نین هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە رۆژانی زێڕینی پێش ٢٠١٥، کۆرۆنا ماوە و نرخی نەوتیش جێگیر نییە، سەرەڕای ئەوانە هەرێمی کوردستان هێشتا ئەو ناوچەیەیە بەراورد ناکرێ بە عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان پێویستە چەقی چاکسازبیەکەی ئابووری بێ، ئابوورییەکەی فرەڕەنگ بکات، خاڵی نوێی بازرگانی بدۆزێتەوە، دۆستایەتی و پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا بقۆزێتەوە بە ژیری و دانایی لە قۆناغی داهاتوودا مامەڵە بکات، قازانجی نەوت بخاتە خزمەتی پەرەپێدان و گەشەی زیاتر، لە کرداریشدا دەبێ بە دەستێکی بەهێزەوە شەڕی گەندەڵی بکرێت، سەتان کەس بەو گەندەڵیە گیرفانیان نایاسایی پڕ کرد. ئێستا وا دەردەکەوێ حکوومەت دەستی بە هەنگاوەکانی گەڕانەوەی کۆچبەران کردبێ، بەڵام پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە قووڵی بەدوای چارەسەری کێشەی کۆچبەرانەوە بێ.
سەرچاوە: هارێتز

ھەواڵی زیاتر