له كوردستان ماتۆڕسكێلی ڕێك نه‌خراوه و له شه‌قامه‌كاندا فه‌وزای ناوه‌ته‌وه
ماتۆڕسكێله‌كان بەخێرایەكی زۆر لە شەقامەكانی كوردستان دێن و دەچن؛ به‌بێ به‌ستنی كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی ئەوبەر و ئەوبەری شەقامەكان دەكەن؛ بەنێو ئۆتۆمبێلەكاندا جرتوفرتیانە، كەچی نە كامێرای چاودێری ژمارەكانیان دەگرێت و نە پۆلیسی هاتوچۆش سزایان دەدات.
له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كوردستان ژاوه‌ژاو زۆر و ده‌نگی به‌رزی ماتۆڕسكیلیش گوێكه‌ڕكه‌ره، ئێستا كه ژماره‌ی ماتۆڕسكیل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كوردستان خه‌ریكه له نیوه‌ی ژماره‌ی ئۆتۆمبێل نزیك ده‌بێته‌وه، نه‌ڕه‌و هاواریان شه‌قامه‌كانی به زه‌لزه‌له هێناوه بێیاسایی و سه‌رپێچییان هاتوچۆی قێزه‌ون كردووه، جیا له ده‌نگی له‌ڕاده‌به‌رزی هه‌ندێكیان، كه مرۆ به‌جارێ ده‌هری ده‌كات، ماتۆڕسكیله‌كان به‌بێ گوێدانه‌یاساكانی شه‌قام و هیچ حساب كردنێك بۆ ڕێبواران، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رخۆیان له‌سه‌ر شه‌قام بن و فیلم ده‌ربهێنن، له‌مبه‌ر بۆ ئه‌وبه‌ر ته‌ڕاتێنیانه و هه‌ر كونێك ببیننه‌وه خۆی تێ ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان به ئه‌نقه‌ست و به گۆڕینی ئه‌گزۆزیان ده‌نگیان به ڕاده‌یه‌ك به‌رز كردووه‌ته‌وه، ڕۆژه‌ڕێیه‌ك ده‌نگیان ده‌بیسترێت و له هیچێك له ئاوێنه‌كانی نێو ئۆتۆمبێلیشەوە ده‌رناكه‌ون و دیار نین، ده‌نگیان هه‌یه و ڕه‌نگیان نییه، تا ئه‌وه‌ی له‌پڕ به‌لایه‌كتدا وه‌ك با ڕه‌ت ده‌بن؛ شۆفێرانی ئۆتۆمبێل ڕووحیان له هاشوهووشی ئه‌و ماتۆڕانه چووه، كه وه‌ك فیشه‌ك به ته‌نیشتیاندا ده‌رده‌په‌ڕن، له‌لای چه‌په‌وه بێت یان ڕاست، بۆ ماتۆڕ جیاوازیی نییه و فیژه‌ی دێت و ده‌رده‌چێت، جیا له زكزاكیان، شۆفێران كه به‌پێی یاسا ڕاهاتوون له‌وه‌ی له‌لای ڕاسته‌وه كه‌س پێشیان ناكه‌وێت، له‌ملایه‌وه زۆرجار له‌گه‌ڵ ماتۆڕ ڕووبه‌ڕوو ده‌بن و پێك داده‌ده‌ن.
ئاماره‌كانی ڕووداو له كوردستان هێكجار زۆره و هه‌ندێكیان ماتۆڕسكیل هۆكاری كه‌تنه‌وه‌یانن، كه به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا له ١٠ مانگی ئه‌مساڵدا، پێنج هه‌زار و ٥٠٩ ڕووداو ڕوویان داوه و به‌هۆیانه‌وه ٥٣٠ كه‌س مردوونه و شه‌ش هه‌زار و ٢٦ كه‌سیش بریندار بوونه.
زۆرێكی ئه‌و ماتۆڕسكیلانه كه له‌لای به‌ڕێه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراون و به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی فه‌رمی دێن و ده‌چن، كه به‌پێی دواین ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نیا ١٩ هه‌زار و ٧٦٩ ماتۆڕسكیل له هه‌موو كوردستان تۆمار كراوه، به ده‌گمه‌نیش ده‌بینی ماتۆڕسوارێك كه‌لوپه‌لی سه‌لامه‌تی به‌كار هێنابێت و ڕۆژانه‌ش به به‌رده‌وامی و به‌به‌رده‌می پۆلیسی هاتوچۆ جرتوفرتیانه و كه‌سیش ئاوڕیان لێ ناداته‌وه.
عه‌مید ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ: ساڵی ٢٠١٢ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی ماتۆڕسكیل ده‌رچوو، به‌ڵام ماوه‌ی دوو ساڵه ڕێگه‌ی تۆماركردن دراوه به مواسه‌فات و ژماره‌یه‌كی هێكجار زۆر له كوردستان هه‌یه، كه به قاچاغ و یه‌ده‌گ هاورده ده‌كرێت، ناوبراو ده‌ڵێ: “حه‌مله‌ی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ماتۆڕسكێلی بێمۆڵه‌ت له شار و شارۆكه‌كانی كوردستان به‌رده‌وامه، به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه سه‌یته‌ره‌ی ته‌واوه‌تی بكرێت”.
ماتۆڕسكێل كه ڕۆڵێكی كارای له گواستنه‌وه هه‌یه، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی هاتوچۆ به پێویستی ده‌زانێت ڕێگای تایبه‌تیان بۆ دیاری بكرێت، مۆڵه‌تی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بكرێت و ماتۆڕسكێله‌كانیشیان بۆ تۆمار بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ش ئجرائاتی ته‌واو له‌گه‌ڵ سه‌رپێچیكاراندا بكرێت.
ماتۆڕسكێل له جیهاندا هۆكارێكی سه‌ره‌كیی گواستنه‌وه‌یه، كه له تێچوو و خه‌رجی كه‌می و كه‌مبوونه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغیدا سه‌ره‌وه‌ی گرتووه، به‌ڵام به یاسا ڕێك خراوه؛ كه‌چی له كوردستاندا شێتێكی تره، ئێستا بازاڕه‌كانی فرۆشتنی ماتۆڕسكیل پڕن و له ٣٠٠ هه‌زار دیناری عێراقییه‌وه تا هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له چاوه‌ڕوانی كڕیار نمایش كراون، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ ده‌توانێ ماتۆڕێك بكڕێت و به‌بێ مۆڵه‌ت و ساڵیانه و كه‌لوپه‌لی خۆپارێزی بێته سه‌ر شه‌قامه‌كانی شار و نه‌خش و فیلم ده‌ربهێنێت، پۆلیسی هاتۆچۆش له‌ئاست سزادانی ماتۆڕسكیله‌كان كه‌مته‌رخه‌مه، كه ڕێگه‌ی پێ داون به ئاره‌زووی خۆیان یاساكانی هاتوچۆ پێشێل بكه‌ن، كه دواجار خۆیان و خه‌ڵكی دی باجه‌كه‌ی به گیان و ماڵیان ده‌ده‌ن.