سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردووى ڕێكخراوى تیرۆرستیی داعش بۆ سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بڵاو كرده‌وه‌

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

هه‌واڵی شه‌هیدبوونی ژمارەیەک پێشمه‌رگەی‌ قاره‌مان لە شه‌وی رابردوو لە سنووری کوڵەجۆ، كه‌ لەکاتی بەهاناوەچوونیی هاو‌سه‌نگه‌ره‌كانیان شه‌هید بوون، زۆر خه‌مباری كردم، هاوخه‌می خۆم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاریان ده‌كه‌م و داواكارم له‌ خودای مەزن، گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌كان ده‌خوازم.

ئێمه‌ چەندین جار هۆشداریمان داوە لەبارەی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆریستانی داعش و خۆڕێكخستنەوەیان بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كه‌ سوودیان لەو بۆشاییە ئه‌منییه‌ی لەو ناوچانە هەیە، وه‌رگرتووه‌ و بوونەتە مەترسییه‌كی جدی بۆ سەر ئاسایش و دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ په‌له‌ بكرێت له‌ كاراتركردنی سەنتەرەکانی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، به‌ هه‌ماهه‌نگی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێوەدەوڵەتی دژ بە داعش، بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنیی‌ لەو ناوچانە پڕ بکرێتەوه‌، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پێشمەرگەمان راسپاردووە، کە ئامادەکاری زیاتر بکەن و رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ سنووردارکردن و نەهێشتنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هێزەکانی پیشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر