نێچیرڤان بارزانی: هەوڵمان بۆ ئەوەیە ئافرەتیش وەک پیاو لە کۆمەڵگەدا ئازادیی هەبێت

لە هەولێر کۆنفرانسی یەکسانیی جێندەری و ستراتیژیی هێزی ژنان بەڕێوەدەچێت کە کاری هاوبەشی زانکۆکانی کوردستان – هەولێر، دهۆک، سەلاحەدین و سلێمانییە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە باوەڕی ئەوان وایە “نابێت کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات.” 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “زۆر هۆکار هەن کە وایانکردووە ئافرەت ستەملێکراوبێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. لەوانە بەشوودانی زۆرەملێ، کوشتن بەبیانووی ئابڕوو، دەستدرێژیی سێکسی، تووندوتیژیی لەنێو خێزان و لە دەرەوەی خێزان، یان پەراوێزخستن و ژێردەستەخستنی.”

لەبارەی هەوڵەکانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئەگەر مافەکان بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک بن نابێت رەگەزێک ئەوەی دیکە پەراوێز بخات، نەیخوێنێتەوە، بەشداریی پێنەکات و یان ستەمی لێبکات و لەگەڵیدا تووندوتیژ بێت.” گوتیشی، “هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بکەینە ئەو ناوەندەی تێیدا ئافرەتیش وەک پیاو ئەو ئازادییەی هەبێت و تواناکانی خۆی پەرەپێبدات. توانای پەروەردەیی، هونەری، سیاسی و پیشەیی و ئابووری.”

لەبارەی هۆکارەکانی ستەملێکردن و تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە کۆمەڵگەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد، گوتی، “بەشێک لەو هۆکارانەی ستەم لە ئافرەتان دەکرێت، جێبەجێکردنی بەهەڵەی داب و نەریتە. ئێمە کە دژی دەوەستینەوە لە یەککاتدا هەم ستەم لەسەر ئافرەت کەمدەکەینەوە هەم ناشرینییەکەش لە کولتووری خۆماندا دەسڕینەوە.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “باوەڕی ئێمە ئەوەیە نابێت کۆمەڵگە بەشێوەیەک بێت کە تواناکانی ئافرەت سنووردار بکات. یان بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان بکات کە ژێردەستەیان بکات.”

لەبارەی پرسی یەکسانیی هەردوو رەگەز، نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە کرد کە کاری ئەوان لەسەر پرسەکە “وەڵامێکی سیاسییە بۆ کۆمەڵێک پەیکەری کۆمەڵایەتی کە نیوەی کۆمەڵگە پەراوێز دەخەن لەسەر بنەمای جیاوازیی رەگەز.” 

تێگەیشتنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسەکە وەکو خۆی باسی کرد، بریتییە لە ئامانجی “بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا پیاو و ژن وەک یەک سوودمەند بن لە مافەکانیان، لەو دەرفەتانەی بۆیان دەڕەخسێت و، وەک یەکیش بتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.”

ھەواڵی زیاتر