مەسرور بارزانی گفتوگۆی راشکاوانە لەگەڵ قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان دەکات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گیروگرفتەکانی قوتابیان، لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆکانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابیان گوتی: “حەز دەکەم گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ ئێوە بکەم و گوێتان لێبگرم، بۆ ئەوەی بزانم داواکارییەکانی ئێوە چییە”.
مەسرور بارزانی، رایگەیاند: “ئێمە دەزانین لە وڵاتێک‌دا دەژین، بەداخەوە بە درێژایی مێژوو دووچاری چەندین قەیران و کێشە و مەینەتی و هێرش و غەدر و زوڵمی مێژوویی بەسەر بەو وڵاتەدا کراوە، بەتایبەتی وەک بینیمان ئەم ماوەی دوایی چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە، دەزانین نەتەوە و خەڵێکی مەغدورین بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان کە لە کوردستان دەژین، هەموو هەوڵێک دراوە کە نەهێڵن خۆمان لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هەمووکات واکراوە لایەنەکانی دیکەش سوود لە جیاوازیی نێوانمان وەربگرن، لە کێشە و قەیرانەکان هەندێک جار کە دروست دەکرێن”.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەشدا: “ئێمە چەندین ئەرکمان لەسەر شانە، ئەرکی سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئه‌م ئەزموون و کیانە بپارێزین و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست بکەین، جگە لەوەش ئەرکێکی دیکە ئەوەیە هەر هاووڵاتییەک بتوانێت خۆی پێبگەیەنێت و ئیش و کاری خۆی بکات، رۆڵی خۆی لەناو کۆمەڵگە ببێنێ و پەرەی پێبدات”.
مەسرور بارزانی، لە وتارەکەیدا بۆ قوتابیان گوتی: “من دەزانم ئێوە کێشەتان هەیە، بەڵام لە هەموو کوردستان کێشە هەیە، باسی هەر چین و توێژێک بکەین، رەنگە چەندین گیروگرفتیان هەبێت، چارەسەرکردنی کێشە بەوە دەکرێت کە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، گوێ لە یەکتر رابگرین و پێکەوە هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین، حوکمڕانی تەنیا ئەوە نییە حکومەتێک حوکمڕانی بکات و هاووڵاتیش تەنیا گوێڕایەڵ بێت، دەبێ هەردوولا پێکەوە کاربکەن، ئەرک و ماف بۆ هەردووکیانە، دەبێ ئەو ئەرک و مافە، بەرپرسیاریەتی هاوبەش بێت، هەموومان پێکەوە ئیشی خۆمان بکەین و گوێ لە یەکتر بگرین و لە خزمەتی یەکتر دابین، بۆ ئەوەی سوودی زیاترمان بۆ خەڵک و وڵاتەکەمان هەبێت”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: “بیستم لەم دواییە هەندێک گیرگرفت هەبووە لە بەشە ناوخۆییەکان، پێویستیان بە چاککردنە، داواکارییەکانی ئێوە بەردەوام گەیشتووە و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بکەین، لەلایەکی دیکە بینینیمان کە خۆپیشاندان کرا، خۆپیشاندان مافێکی ئاساییە و هەموو چین و توێژێک دەتوانێت بە شێوەیەکی ئارام و ئاشتییانە خۆپیشاندان بکات، حکومەت پشتیوانی لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەکات، بەڵام خوا نەخواستە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندان بە شێوازێکی تر یان هەندێک کەسی دیکە خۆیان تێبخزێنن و بێنە ناو خۆپشاندان، کە بابەتەکە والێبکەن فەوزا و توندوتیژی دروست بێت، ئەمە نە خزمەتی مافەکانی قوتابیان و نە داواکارییەکانیان دەکات نە چارەسەری گرفتەکان دەکات، بە پێچەوانەوە کێشەکان قووڵتردەکەن و رێگە دەدەن خەڵكێکی دیکە سوود لەو خۆپیشاندانە وەرگرن، لەبەر ئەوە داوا لە هەموو خوشک و برایانی خۆشەویست دەکەم، ئەگەر خۆپشاندان دەکەن با خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە و ئارام بن، زۆر بە مەدەنیانە داواکارییەکانی خۆتان پێشکەش بکەن، یان هەموو جارێک دەتوانن نوێنەرتان بنێرن، بۆ ئەوەی داواکارییەکانتان بە حکومەت بگەن”.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە، سەرۆکی حکومەت گوتی: “ئەوەی بینیمان سووتاندنی بارەگا و پەلاماردانی یەکتر، خوانەخواستە توندوتیژی و خوێنڕشتن، لە راستیدا هەموومان ئازار دەدات، باوەڕناکەم کەس لە ئێوەش ئەمەتان پێخۆش بێت، بەڵام بۆچی رێگە بدرێت یەکێکی دیکە بێت بەناوی خۆپیشاندان، ئەجێندای سیاسی خۆی بەناوی قوتابی جێبەجێ بکات، پێش هەموو کەسێک دەبێ ئێوە خاوەنداریەتی ئەم وڵاتە بکەن، پێش هەموو کەس دەبێ ئێوە نەهێڵن هیچ کەسێک بێت خۆپیشاندان بقۆزێتەوە و سوود لە قوتابی و شوێنی قوتابیان بکات بۆ ئەجێندای قوتابیان بکەن”.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له قسه‌كانیدا داوایه‌كی ئاراسته‌ی قوتابیان كرد و گوتی:”ئێوه پێشمه‌رگه‌ی قوتابی بن، له پێش هه‌موو كه‌سێك به‌رگری له كه‌رامه‌ت و مافی وڵاته‌كه‌تان و سیمبولی وڵاته‌كه‌تان بكه‌ن، باوه‌ڕ بكه‌ن هێنده جێگه‌ی داخ بوو كه بینیمان ئاڵای كوردستان به پێوه چوونه سه‌ری، كه بێڕێزی و بێحورمهتی به‌رامبه‌ر سیمبولێك كرا كه بووه‌ته به‌رگی چه‌ندین شه‌هید، هه‌زاران شه‌هید له ژێر ئه‌و ئاڵایه نێژراون، ئینجا بێڕێزیكردن به‌مه چۆن داواكاری قوتابییه، چۆن ئه‌مه گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌مه دیاره ده‌ستێك هه‌یه ویستویانه سوود له هێز و توانای قوتابی وه‌ربگرن، بۆ ئه‌وه‌ی بێن خوا نه‌خواسته هیچ به‌هایه‌كی نیشتمانی و خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ وڵاته‌كه‌مان نه‌هێڵن، ئێوه پێش هێزه ئه‌منییه‌كان و فه‌رمییه‌كان ده‌بێت رێگری له‌وه بكه‌ن كه سووكایه‌تی به سیمبول و كه‌رامه‌تی وڵاته‌كه‌مان بكرێت، من دڵنیام ئه‌مه ئیشی قوتابی نه‌بووه، هه‌ر كه‌سێك ئه‌مه‌شی كردووه حكومه‌ت لێی بێده‌نگ نابێت، ئه‌وانه‌ی كه بێڕێزی به‌رامبه‌ر به ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ن پێویسته رووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه، به توندترین شێوه ئیدانه‌ی ئه‌م جۆره كارانه ده‌كه‌ین، له‌هه‌مانكاتدا ئیدانه‌ی كاردانه‌وه‌ی توند ده‌كه‌ین، چ له‌لایه‌ن هێزه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ر قوتابیان كرابێت، چ له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س كه به‌ناوی قوتابی په‌لاماری هێزه ئه‌منییه‌كانی دابێت، ئه‌مانه توندوتیژی و دروستكردنی پشێوییه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مافه‌كانی قوتابیان یه‌ك ناگرێته‌وه، بۆیه رێكاری یاسایی هه‌ن پێویسته چاره‌سه‌ری بكه‌ین، هیوادارم به زووییش چاره‌سه‌ر بكرێت”.