دەستەی گەشتوگوزارنیگەرانە لە زیادکردنی باجی سەر شوێنە گەشتیارییەکان

زۆربەی هۆتێل و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان بە دەست بڕیارێکی نوێوە سەبارت بە باج دەناڵێنن. بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر ژمارەی میوانیان هەبووە و راستییەکەشی ئەوەیە کە دەستی بڕیارەکە، لەناو گیرفانی خەڵکدایە.

تا ئێستا شۆکی کۆرۆرنا، کەرتی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستانی بەرنەداوە. ئەمە بۆ هەموو وڵاتان بوو، بەڵام زیادکردنی باج لەسەر هەندێ هۆتێل و چێشتخانە، شۆکێکی دیکە بوو بۆ ئەم کەرتە لە کوردستان.

سووکەژەمێکی ٦٥ هەزار دیناری
“سیراج عەبدوڵا” و هاوڕێیەکی لە رێستورانتێکی هەولێر، داوای سووکەژەمێکیان وەک خواردنی نیوەڕۆ کردووە. شوێنەکە ئارامە و خزمەتگوزارییەکەشیان باشە، سووکەخواردنێکی خاوێن و بەتام، بەڵام لەگەڵ بینینی وەسڵەکە، تووشی “شۆک” بوون.
سیراج دەڵێ: “٦٥ هەزار بۆ سووکەژەمێک، زۆر زۆرە. سەرپەرشتیاری کارمەندەکان هات و گلەیی نرخەکەیم لێ کرد. ئەو زیاتر لە ئێمە گلەیی هەبوو و دەیگوت بە هۆی بڕیارێکی نوێی باج، خواردنەکانیان گران بووە”.

٢٥ ملیۆن دیناری باجی مانگانە
ماوەیەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باجی لەسەر شوێنە گەشتیارییە چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەکان زیاد کردووە و ئەمەش “ناڕەزایەتییەکی زۆر”ی شوێنەکانی لێ کەوتووەتەوە.
خاوەنی یەک لە هۆتێلە چوارئەستێرەکانی هەولێر، لەو بڕیارە نیگەرانە و دیارە کاریگەریی زۆری لەسەر میوان و داهاتیان هەبووە. ئەو کە لەسەر داوای خۆی ناوی لای رۆژنامەی “هەولێر” پارێزراوە، دەڵێ: “وڵاتانی دیکە دوای کۆرۆنا، ئاسانکارییان بۆ کەرتی گەشتوگوزار کردووە و تەنانەت یارمەتیشیان داون، بەڵام لای ئێمە زۆریان لێ قورس کردووین. مانگی پێشتر ٢٥ ملیۆن دینار باجم بۆ هاتووەتەوە، چوومە بەڕێوەبەرایەتیی باج و گوتم، برا هۆتێلەکە بۆ خۆتان، ئێوە مانگانە ١٠ ملیۆنم بدەنێ با قازانجەکەی دیکە بە گەردنئازایی بۆ ئێوە بێت”.

دەستی بڕیارەکە لەناو گیرفانی خەڵک
بڕیارەکە بەو شێوەیەیە کە هەموو شوێنەکان دەبی ١٠٪ی فرۆشی مانگانەیان وەکوو باج بە حکوومەت بدەن. هەر بەو هۆیەشە لە شوێنەکان، نرخەکانیان لەسەر میوان زیاتر کردووە و بەو شێوەیە دەستی بڕیارەکە لە گیرفانی خەڵک دایە.
شوکر عەزیز جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی کوردستان، رەخنەی زۆری لە بڕیارەکە هەیە و ئاماژە بەوە دەدات کە “ئەوەیان لەبەر چاو نەگرتووە شوێنەکان نزیکەی ٧٠٪ی پارەی فرۆشیان، خەرج دەکەن و دەبی ١٠٪ کۆی فرۆشیان بە حکوومەت بدەن.”
ئەو بە رۆژنامەی هەولێر دەڵێ: “دیاریکردنی رێژەی باج بە شێوەی هەڕەمەکییە. هۆتێل و رێستوارانت هەیە مانگانە ٤٠ ملیۆن دیناریان باج بۆ هاتووەتەوە و ئەوەی نەشیدا، دەیدەنە دادگا.”
دیارە بۆ ئەو بڕیارە پرس بە ئەوان نەکراوە و “تەنیا ئەوە نەبێ رۆژێک بانگیان کردین و بۆیان خوێندینەوە.”

داوایەکی دەستە لە رێگەی رۆژنامەی “هەولێر”ەوە
تەنانەت دەستەی گەشتوگوزاریش لەو بڕیارە رازی نییە و دیارە داوای پێداچوونەوەیان بەو بڕیارە کردووە. “ئەمەل جەلال”سەرۆکی دەستەی گەشتوزاری هەرێمی کوردستان، نایشارێتەوە کە بۆ دەرکردنی بڕیارەکە، رای ئەوان وەرنەگیراوە.
سەرۆکی دەستەکە بە رۆژنامەی هەولێر دەڵێ: “بۆ دەرکردنی بڕیارەکە، رای ئێمە وەرنەگیراوە، تەنیا دواتر پێشنیارەکان بە دەستی ئێمە گەیشت. دیارە زیادکردنی باجیش، ناڕەزایی زۆری لێ کەوتووەتەوە”.
دەستەی گەشتوزار لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان کۆ بووەتەوە و داوای چاوخشاندنەوەیان بەو رێژە باجە کردووە.
ئەمەل جەلال دەڵێ: “سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە رسووماتدا بچێتەوە. ئێمە دەزانین کە کەرتی گەشتوگوزار، بەرنامەیەکی سەرەکیی سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەمە. هەر بۆیەش داوا لە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی دەکەین لە نزیکەوە گوێ لە تێبینی و پێشنیارەکانی ئێمە بگرن”.

نەبوونی یاسای تایبەت
تا ئێستا گەشتوگوزار و دەستەکەی، هیچ یاسایەکی تایبەتیان نییە و تەنیا ئەوە نەبێ کە لە ناو یاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە دوو مادەی پێوەندیدار بە “کارگێڕی” و “دارایی” باسیان لێ کراوە.
ئیشتا پرۆژەیاسایەکی گەشتوگوزار لە ناو پەرلەمانی کوردستانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
خاڵێک کە بەلای زۆربەی خاوەن پڕۆژەگەشتیارییەکان و لایەنی پێوەندیدارەوە جێی سەرنجە، ئەوەیە کە لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ سستەمی نوێی باج و رسومات، تەنانەت پرسیان بە لیژنەی پێوەندیدار نەکردووە کە لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزارە.
نزار مەلا بڕیاردەری لیژنەکە دەڵێ: “بۆ ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک قسە لەگەڵ ئێمە نەکراوە.”

ھەواڵی زیاتر