هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی ھەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان

توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی جیهانییه‌، دەرخەری ‌ مامه‌ڵه‌ی نادروستی تاكه‌كانی خیزان و كۆمه‌ڵگەیە‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت. ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م ره‌فتارەش به‌جۆرێك كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌كاته‌ سه‌ر ده‌روون و ژیانی ئافره‌ت، كه‌ له‌ كردارو بیركردنه‌وه‌كانیدا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

جیهان به‌گشتی و له‌كوردستان به‌تایبه‌تی ساڵانه‌ له‌رێگه‌ی میتۆد و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی نوێ هه‌وڵدراوه‌ ئه‌م پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌ یاخود به‌ره‌و نه‌مان بچێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا پێویستی به‌ میكانیزم و ئامرازی دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ و گه‌یاندنی په‌یامی رێزگرتن له‌ ئافره‌ت و باڵاده‌ستكردنی هزری مرۆڤ سالاری‌ له‌كۆی جومگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.
توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر ڕەنگدانەوەیه‌كی قووڵی له‌سه‌ر ژیانی ئافره‌ت هه‌یه‌، ئه‌م جۆره‌ توندوتیژییه‌ هۆكاری نایەکسانی جێنده‌رییه ‌له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو، هاوكات ده‌بێته‌ هۆی پێشێلکاریی زۆر له‌به‌رامبه‌ر مافەکانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت ئافره‌تان وه‌ك دەستدرێژی سێکسی و لێدان، بازرگانیکردن و بێبه‌شكردنیان له‌مافه‌كانیان، له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌م تێروانینه‌یه‌ بۆ ره‌وشی ئافره‌تان كه‌‌ یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ نه‌خشه‌رێگای بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری كردۆته‌ ئه‌جێندای كاركردنی بۆ پرسی نه‌هێشتنی یاخود هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژی. دیدی رێكخراوه‌كه‌مان بۆ ئه‌م پرسه‌ جه‌خت كردنه‌ له‌سه‌ر دروشمی به‌ڵێ بۆ هاوبه‌شی، نه‌خێر بۆ خاوه‌ندارێتی به‌و مانایه‌ی هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌شدار و هاوبه‌شن له‌پێكهێنان و پته‌وكردنی كۆڵكه‌كانی ژیان و خێزان و، مافی خاوه‌ندارێتی بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌ به‌بێ جیاوازی و، گه‌راندنه‌وه‌ی شكۆی مرۆڤبوونه‌ بۆ ئافره‌ت.
هاوكات پلانی نیشتمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ چۆته‌ قۆناغێكی پێشكه‌وتوو، كه‌ ده‌توانین بڵێین حكومه‌تی هه‌رێم رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ له‌ چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی پاراستنی مافی ئافره‌تان، له‌ئێستادا ئافره‌ت به‌شدارو كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی و بینادنه‌ری سێكته‌ره‌كانه‌. گرنگیدان به‌ توانامرۆییه‌كانی ئافره‌تان وایكردوه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵگه‌ و خێزان به‌گشتی بۆ ئافره‌ت له‌ئاستێكی باشتردا بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكی پۆزه‌تیڤی هه‌رێمی كوردستانه‌ و ده‌بێت ئه‌و خاڵه‌ش زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت و وێنایه‌كی به‌رزتر بۆ ره‌وشی ئافره‌تان پیشان بدرێت.
له‌م بۆنه‌ جیهانیه‌دا، سڵاو و دروود ده‌نێرین بوونە قوربانی ھزری چەوتی کلتور و کۆمەڵگە، و ئه‌و ئافره‌تانه‌ی به‌هۆی زاڵبوونی فكری پیاوسالارییه‌وه‌ قوربانیاندا.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١