کریستیانەکان: هیوامان هەیە لە داهاتوودا دۆخمان باشتریش بێت لە هەرێمی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

نەهلە و ڤاڵێنتنا لەبەردەم کەنیسەی مار ئێلیا وەستاون لە شارۆچکەی عەنکاوەی کریستیان نشین، خەڵکی ئەو شارۆچکەیە بەشێکی ئەوانەن بەهۆی شەڕی داعش ساڵی 2014 موسڵیان بەجێهێشت و لە دەوروبەری شارەکە و لە گوندەکانی دەشتی نەینەواوە هەڵاتن بەرەو عەنکاوە .

ئێستا ئەو خێوەت و کەرەڤانانەی بۆ ئاوارەکان دانرابوو نەماوە، بەڵام ئەو دوو ژنە دەڵێن هێشتا بەشێکی زۆری خەڵك ناتوانن بگەڕێنەوە، نەهلە دەڵێ :” هەرچەندە ئێمە خەڵکی عەنکاوەین، بەڵام زۆر ئاوارە دەناسین خەڵك موسڵن، لە قەرەقوش و ناوچەی دیکە هاتوون و لە شوقە دەژین، دەبێت کرێ بدەن دیاریش نییە دەتوانن بگەڕێنەوە یان نا.”
ئەو باسی سەردانەکەی پاپا فرانسی دەکات لە مانگی ئاداری ئەمساڵ و دەڵێ:” پاپا هیوای زۆری پێبەخشین لە سەردانەکەیدا، زۆر خۆش بوو بینیمان هەموو کەنیسەکانمان یەکگرتوون و پێکەوەین و کاتێكی زۆر خۆش بوو، بەڵام لە کرداردا هەست بە هیچ گۆڕانکارییەک ناکەین، دووری و لێک دابڕان زۆر ناخۆشە .”
مەترانی کلدانی کاتۆلیکی هەولێر بەشار وەردا و بەرپرسانی دیکەی ئاینی دەزانن هێشتا خەڵكێكی زۆر لە دەردەسەریدان، بەڵام ئەو دەڵێ سەردانەکەی پاپا بووە هۆی ئیلهام و بووژانەوەی عێراق، بووە هۆی سەرەتای پێ قایمکردنی هەمووان پاش چەندین ساڵ شەڕ و دەردەسەری، بەشار وەردا پێی وایە لەدوای سەردانەکەوە گۆڕانکاری باش روویانداوە و بەڵام دان بە ئاستەنگی بەردەم کۆمەڵگەی کریسیتانیش دادەنێ، ئەو دەڵێ : پاپا پەیامی هیوای بۆ عێراق هێنا، پەیامەکەی بوێری و ئازایی بوو، چونکە لە نێو چەقی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاتە وڵاتێک کە زۆر سەقامگیر نییە، ناتوانین پێشبنی ئەوە بکەین هەموو شتێک چارەسەر بێت بە یەک جار، بەڵام ئەو هات بە نیەتی چارەسەر نزای بۆ هەمووان کرد .
وەردا دەڵێ :” راستە بەڵێ هێشتا کەمپ ماوە و خەڵکی تێدا دەژی، بەڵام ژیانیش گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش رزگارکراون، ئەوە واقیعێکە ناتوانی لە عێراق وا بە ئاسانی لێی دەربێی، چونکە هێشتا بێ متمانەیی لە نێوان خەڵکدا هەیە، پێویستیمان بەوەیە بە قووڵی لەو برینانە تێبگەین دروست بووە، بەڵام من پیاوی هیوام، پێویستە گوشار بکەین کاری ئێمەیە هەوڵی ئاشتەوایی لە نێوان پێکهاتەکان بدەین .
عەنکاوە شارۆچکەیەکی هەوڵێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، مانگی رابردوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایە قەزا، ئەوەش مانای وایە کریستیانەکان دەتوانن خۆیان سەرۆکی ئیدارەکە و بەرپرسانی دیکە دابنێن، بەشار وەردا لەو باوەڕەدایە سەردانەکەی پاپا وای کرد بەرپرسان بە چاوێکی کراوەتر سەیری شارۆچکەکە بکەن، لەکاتی کردنیشی بە قەزا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان عەنکاوەی بە شارۆچکەی پێکەوە ژیان دانا، وەکو شارۆچکەی ئاشتی ناوی برد .’
بەشار وەردا دەڵێ :” سەردانەکەی پاپا بە روونی پوختەی ژیانی کریستیانەکانی لە عێراق پێشاندا، عەنکاوەش وەک چەقی ئەو ژیانە، بە کۆبوونەوە لەگەڵ خەڵک و هیوا بەخشین دەمانەوێت کار بکەین بۆ بونیاتنانی داهاتوومان، کلتووری پێکەوە ژیان پێویستە ببێتە مۆدێلێک لە هەموو عێراق، ئەو باس لە دروستکردنی ٤ قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک دەکات بەمدواییە، بەڵام هێشتا خەڵك داوای دامەزراندن دەکات لەو شارۆچکەیە
ستیبن راشێ، جێگری راوێژکاری زانکۆی کاتۆلیکی لە هەولێر دەڵێ :” خەڵک داوا دەکات کەنیسەکان رۆڵیان هەبێت لە عێراقدا، کەنیسەکان رۆڵی چارەسەری کارا و خێرا بگێڕن، هەوڵ هەیە بۆ کۆمەڵگەی کریستیان و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو.’
مانگی رابردوو زانکۆی کاتۆلیکی یەکەم خولی دەرچووانی بەڕێوەبرد، زانکۆکە لە ساڵی ٢٠١٥ کرایەوە لەوکاتەی داعش بەشێکی خاکی عێراقی گرتبوو و جینۆسایدی دژی کەمینە ئاینیەکان دەکرد.
کریستیانەکان کۆنترین مێژوویان هەیە لە عێراق، بەڵام ژمارەیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسەوە لەدوای ساڵی 2003 بۆ نزیکەی 250 هەزار کەس کەمبووەتەوە .
ئێمانوێک یوخەننا، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکان کە کاری هاوکاریکردنی خێزانە مەسیحیەکانە دەڵێ :” بە داخەوە رەنگە نەتوانین دیمۆگرافیای کریستیانەکان بونیات بنێینەوە، بەڵام دەتوانین رۆڵی کریستیانەکان بگێڕینەوە،لە رێگەی ناوەندی رۆشنبیری، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری دیکە، ئێمە دەستمان کردووە بە هاوکارییەکان، بەڵام دەبێت زیاتر کار بکەین .
ئەو دەڵێ :” لە ٢ هەزار ساڵی رابردوودا کریستیانەکان بوونەتە بەهای کۆمەڵگە لە عێراقدا، بەڵام ئێستا ئەرکمان قورسترە چونکە دەبێت ببینە پردی بەیەکگەیشتنی هەمووان لە عێراقدا

ھەواڵی زیاتر