بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئیدارەی سۆران؛60%ی هاوبەشانی کارەبا لە ئیدارەی سۆران پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە

پڕۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا زیاتر لە 60% هاوبەشانی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران پێوەریان بۆ بەستراوە، تا کۆتایی ساڵ قۆناغی بەستنی پێوەر تەواو دەبێت، بەوەش بڕە کارەبایەکی زۆری سەرپێچی سەر تۆڕەکان دەگەڕێتەوە و، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەبن.

فەیسەڵ حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئیدارەی سۆران، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” بڕیارە ئەمساڵ بۆ هەموو بەشداربوویەک پێوەری زیرەک ببەسترێت، سنووری ئیدارەی سۆران کە 70 هەزار هاوبەشی هەیە، تا ئێستا بۆ 60%ی هاوبەشانی کارەبا پێوەر بەستراوە، ئێستا لە رواندز و خەلیفان دەستمان بە بەستنی پێوەر کردووە”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد:” پێوەری زیرەک بە شێوەیەکی پێشکەوتوو یەکەکانی کارەبا دەخوێنێتەوە، بەستنی پێوەری زیرەک لە سنووری ئیدارەی سۆران رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت، لە زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا، هەروەها لەو ماوەیەدا کەوا پێوەری زیرەک بەستراوە لەو شوێن و گەڕەکانە رووداوی سووتانی بەش و بگۆڕەکان کەم بۆتەوە، بێجگە لەمە بڕە کارەبایەکی زۆری سەرپێچی سەر تۆڕەکان بنبڕ کراوە و، گەڕاوەتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەستنی پێوەری زیرەک بەردەوام بێت، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاتر دەبن”.
فەیسەڵ حوسێن، دەشڵێ:” هاووڵاتیانی سنوورەکەمان کە هەر چوار قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر، چۆمان لە خۆدەگرێت، تا ئێستا نزیکەی 70 ملیار دینار قەرزی کارەبای نیشتمانیان لەسەرە، حکوومەت بڕیاری داوە ئەوانەی قەرزەکانیان دەگەڕێنەوە 15%ی کرێی کارەبا لێی خۆش بێت، بەوەش هاووڵاتیان روو دەکەنە بەشی فرۆشیاری بۆ گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبایی نیشتمانی”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئیدارەی سۆران، روونیشیکردەوە:” ئەمساڵ چەندین پرۆژەی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراون، بەشێکیان کارکردن تێدا بەردەوامە، بەشێکیشیان تەواوبوونە، چەندین پرۆژەیەکی دیکەش لە پلان و بەرنامەی حکوومەت دان، بەوەش رەوشی کارەبا زیاتر باشتر دەبێت و کێشەی کارەبای هاووڵاتیان بەرەو چارەسەر دەچێت”.

ھەواڵی زیاتر