حکوومەتی هەرێم بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەکات

شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی سنوورەکەی تاوتوێ کرد، بڕیار درا بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بە دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێن.

پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئومێد سەباح رایگەیاند، ئەم سەردانانەی ئێمە لە چوارچێوەی دیداری ساڵانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ پارێزگاکان و ئیدارەی سەربەخۆ و وەزارەتەکان کە ئێمە دیدارێکی ساڵانەمان هەیە لەگەڵ هەموو لایەک دادەنیشین و دەمانەوێ کار و پلان و پڕۆژەکانی ساڵی داهاتوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ بکەین”.
ئومێد سەباح، گوتیشی: “ئەوەی قسەمان لەبارەوە کرد، چەند تەوەرێکە کە تەوەرییەکەمیان تەوەرێکی کارگێڕییە کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵا و دەستەیەکمان پێک هێناوە کە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆڕاییکردنی کارەکان هەماهەنگ بن و ئەم دەستەیەش بۆ ئەوەیە کە سەرەتایەکی گونجاو بۆ دروستکردنی هەیکلییەی ئیداری و دامەزراوەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکەین”.
ئاشکراشی کرد: “بۆ جێبەجێکردنی پرسە کارگێڕییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەسەڵاتی تەواومان داوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارە کە لە ماوەی 90 ڕۆژدا ئاڵۆگۆڕی فەرمانبەران لە نێوان دامودەزگاکان جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی هاوسەنگەییەکی وەزیفی بۆ فەرمانبەران بێتە ئاراوە”.
ئومێد سەباح جەختی لەوەش کردەوە: “پاش بڕیاری دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو جۆر پڕۆژە لەم ناوچەیە جێبەجێ دەکرێت،یەکەم پڕۆژەی پەرەپێدان هەیە کە ئیدارەی سۆران بۆ خۆی جێبەجێیان دەکات، کە ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی بچووک و مامناوەندن، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە و هەوڵمان داوە لە ساڵی 2021 دا بودجەیەکی زیاتر بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکەین”.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتیشی: “بۆ پڕۆژەکانی ساڵی 2022 لەم سنوورە هەوڵ دەدەین داوا لە وەزارەتی دارای و وەزارەتی پلاندانان بکەین کە بودجەیەکی زیاتر بۆ پەرەپێدان لە سنووری ئیدارەی سۆران دابنرێت، چونکە ئەمەیانڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، هاوکات بودجەی وەبەرهێنانیش هەیە کە ئەمەیان درێژخایەن و ستراتیژین کە دەمانەوێ بەشێک لەو پڕۆژانەی کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان جێبەجێیان دەکەن، بیانهێنین بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران”.
دواتر سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی باڵەکایەتیی کرد و، رایگەیاند، چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە دەڤەری باڵەکایەتی جێبەجێ دەکرێن، هەندێک لەو پڕۆژانە کە لە دەستەڵاتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانن پەسەند کراون و ئەوانی دیکەش بەرزی دەکەینەوە بۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچەیە جێبەجێ بکرێت، بێگومان ئەویش درێخی ناکات.
گوتیشی: “یەکێک لەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە بڕیاری جێبەجێکردنی لەسەر دراوە گەیاندنی هێڵی 132 کەیڤییە بۆ چۆمان و بۆیەکەمجار سنووری حاجی ئۆمەران کە ئێستا کارەبای ئێرانی هەیە، بە کارەبای نیشتمانی دەبەستینەوە و لە چەند رۆژی داهاتوو سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ قائیمقامی چۆمان سەردانی وەزیری کارەبا دەکەن بۆ ئەم بابەتە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راشیگەیاند: لە پلانی داهاتوومان کار لەسەر ئەوە دەکەین کار لە پڕۆژەی دووساییدی نێوان چۆمان-حاجی ئۆمەران بکرێتەوە، بەرنامەیەکمان داناوە بۆ ئەوەی بە دوو قۆناغ ئەو پڕۆژە گرنگە جێبەجێ بکەین، کە قۆناغی یەکەمی تاکو گوندی ئازادی لە سنووری حاجی ئۆمەران دێت و دواتر قۆناغی دووەمی بگاتە قەزای چۆمان، بەڵام هەندێک گرفتی یاساییمان هەیە سەبارەت بە قەرەبووکردنەوە، ئەگەر ئەم وردە کێشانە تەواو بن بێگومان کار لەسەر ئەم پڕۆژەیەک دەکرێت، هەروەها کار لەسەر ئەوەش دەکەین لەو دەڤەرە ناشناڵپارکی هەڵگورد-سەکران دووبارە کاری لەسەر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەرووی ژینگەییەوە گرنگی زیاتر بەم سرووشتە جوانە بدرێت کە لەو ناوچەیە هەیە، وا بکەین رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هان بدەین لە ڕووی داراییەوە هاوکاربن، یان لەرێگای ئەو سندووقانەی کە بایەخ بە ژینگە دەدەن هەندێک بودجە بۆ ئەم بابەتە بەدەستبخەین، بۆ ئەوەی ئەم ناشناڵ پارکە لەسەر ئاستی عێراق گرنگییەکەی بەدیار کەوێت و هانی کەرتی تایبەتیش بدەین وەبەرهێنان لەم ناوچە گەشتیارییە بکات.
لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژانە بڕیارە کۆمەڵێک پرۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لەو سنوورە جێبەجێ بکرێن، لەوانە، دروستکردنی پڕۆژەی هۆڵی بۆنەکان لە چۆمان، لەگەڵ دروستکردنی پڕۆژەیەکی تایبەت بەناوی پارێزگاری کۆچکردوو، د. فرسەتێۆفی، بۆ زیندوو هێشتنەوەی ناوی ئەو پارێزگارە لەهزری هاووڵاتیانی باڵەکایەتی، هەروەها جێ بەجێ کردنی پڕۆژەی ئاوی قەسرێ و چارەسەرکردنی گرفتی کەم ئاوی لە سنوورەکە، لەگەڵ ئەوەی ئاسانکاری بۆ تاپۆ کردنی زەوی و خانووەکانی سنوری قەزای چۆمان و هەر چوار ناحیەکە، لەگەڵ چاککردنیڕێگەی گۆمە فێڵاو و کانی بەست بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆسەی گەشتیاری، هەروەها کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی بنیات لە سەنتەری قەزاکە”.

ھەواڵی زیاتر