هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

جووت سایدی كه‌لار-كفری لە ڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە ناوچەکە دەبووژێنێتەوە

جووتسایدی كه‌لار-كفری، یه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژە گرنگانه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ كاری تێدا دەکرێت و بڕیاریشە له‌ ئایندەیەکی نزیکدا به ‌ڕووی هاووڵاتیان بكرێته‌وه‌، ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ ده‌ستی پێ كردووە، به‌ڵام به‌ هۆی قه‌یرانی دارایی و چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌، كاركردن تێیدا وه‌ستا بوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ سۆنگه‌ی گرنگیدان به‌ ڕێگا و بانه‌كان و بووژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی هه‌رێمی كوردستان، كاركردن بۆ ته‌واوكردنی جووتسایدەکە ده‌ستی پێ كرده‌وه‌.

شکار عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە زانیارییه‌كانی ئه‌م پڕۆژە‌یه ‌و قۆناغه‌كانی ته‌واوبوونی به‌م شێوه‌یه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری خسته‌ڕوو: “دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێویست بوو ئه‌م ڕێگایه‌ ته‌واو بكرێت، چونكه‌ سێكته‌ری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا زۆر گرنگیی پێ دراوه‌، بۆیە ئێستاجووتسایدی كه‌لار-كفری له‌ لایه‌ن كۆمپانیای هێكارەوە جێبه‌جێ ده‌كرێت”.
درێژی جووتسایدی كه‌لار-كفری ٢٥ كیلۆمه‌تره و‌ به‌ دوو قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت:
ـ قۆناغی یه‌كه‌می ڕێگاکه‌ ١٠٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌.
ـ قۆناغی دووه‌میشی تا ئێستا ٩٣%ی جێبه‌جێ كراوه.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە باسی لەوە کرد کە “ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌م قۆناغه‌دا كاری كۆنكرێتكردن و دانانی هێماكانی هاتووچۆ و چه‌ند كارێكی دیكه‌یه‌، كه‌ ئومێد ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕە‌ پاره‌یه‌ی بۆی ته‌رخان كردووه‌ خه‌رجی بكات، تا به‌ زوویی بە ڕووی هاووڵاتیان و شۆفێراندا بیکەینەوە”.
ڕە‌خساندنی ٢٠٠ هه‌لی كار:
جێبه‌جێكردنی هه‌ر پڕۆژە‌یه‌ك له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستاندا بێشك ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌ سوود له‌م پڕۆژانه‌ وه‌ربگرن، یه‌كێك له‌و سوودانه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌م پڕۆژانه‌وه‌ خه‌ڵكێك هه‌لی كاریان بۆ دەڕەخسێت و له‌م پڕۆژانه‌دا كار ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌كی دارایی بۆ خۆیان و خێزانه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ شکار عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە گوتی: له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌م پڕۆژە‌یه‌ هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زۆرترینی ئه‌وانه‌ی كار له‌م پڕۆژە‌یه‌دا ده‌كه‌ن، پێویسته‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه ‌بن، بۆیه‌ توانیومانه‌ له‌م پڕۆژە‌یه‌دا ٢٠٠ هه‌لی كار بۆ دانیشتووانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بڕە‌خسێنین.
گوژمه‌ی ته‌رخانكراو ٤٣ ملیار دیناره‌:
سەرپەرشتیاری پڕۆژەی جووتسایدی كه‌لار-كفری زیاتر دوا و گوتی: پڕۆژەکە له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گوژمه‌ی ٤٣ ملیار دیناری بۆ ته‌رخان كراوه‌ و تا ئێستاش ٣٨ ملیاری بۆ خه‌رج كراوه‌، ڕۆژانه‌ له‌م پڕۆژە‌یه‌دا ١٠٠ ئامێر كار دەکەن. جادەکە له‌ سێ چین قیر دروست كراوه‌ و ٩٠٠ هەزار مەتری دووجا قیری بۆ به‌ كار براوە. له‌ ژێره‌وەی قیرەکەشش ٢٢ سانتیمەتر به‌ردی شكاوی تێ كراوه‌، له‌م ڕێگایه‌دا ١١ سووڕانەوە (یوتێرن) دروست كراوه‌ كه‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ گونده‌كانی دوانزە ئیمام و قه‌ره‌بڵاخ و هه‌روه‌ها كفری و كه‌لار به ‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
جێی ئاماژە‌یه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگا كۆنه‌كەی كه‌لار-كفری یه‌كساید بوو و ئه‌وه‌ی ئێستا کە دەکرێتە جووتساید، بە تەواوی پڕۆژەکە ڕووداوی هاتووچۆ كه‌م دەبێته‌وه‌، هاوکات ڕێگاکە ئیدارەی گەرمیان بە ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌به‌ستێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئایندەدا جووتسایدی كه‌لار-كفری كاریگه‌ریی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر زیادبوونی جموجۆڵی بازرگانی و گه‌شتیاریی له‌ ناوچه‌کە‌دا.