عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ جیهانییه‌كان، وا ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان فراوانتر بێت

له‌ باره‌ی به‌شداریكردنی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 بۆ ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی و دیداریان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی جیهانی، عه‌بدولسه‌لام به‌رواری چاودێری سیاسی رایده‌گه‌یه‌نێت، پێگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت وا ده‌كات كه‌ بانگهێشتی دایه‌لۆگی وه‌ها گرنگ بكرێن، زۆربه‌ی هه‌رێم له‌ جیهاندا هه‌ن بانگهێشتی ئه‌و پێگانه‌ ناكرێن.

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری چاودێری سیاسی رایگه‌یاند، ئه‌م به‌شداریی كردنه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ئێجگار گرنگه، هێزی مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌و قۆناغانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌ كۆنفراس و كۆبوونه‌وه‌ گرنگه‌كان به‌شداریكردووه‌، بۆیه‌ مه‌سرور بارزانی هه‌ڵگری ئه‌و میراته‌یه‌ كه‌ سه‌دان ساڵه‌ هه‌وڵی بۆ دراوه‌.

به‌رواری جه‌ختیكرده‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ جیهانییه‌كان، وا ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان فراوانتر بێت.

روونیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان ئه‌و خیتابه‌ی هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆ به‌غداش بگوازرێته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌قامگیری عێراق، سه‌قامگیرییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ده‌بێت به‌مشێوه‌ كێشه‌كانی میلله‌تی خۆت چاره‌سه‌ر بكه‌یت.