یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی وەزیری تورکیا دەداتەوە و رایگەیاند: “وتەكانی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە”.

دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:.

وتەكانی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە. بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا ڕێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە. ئەو بەڕێزە خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و، پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟

ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە. عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

21-11-2021