مه‌سرور بارزانی له‌ مه‌نامه‌ ژماره‌یه‌ك دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتانی جیهان

له‌په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 له‌ وڵاتی به‌حره‌ین، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ پله‌ باڵاكانی جیهان ئه‌نجامدا كه‌ به‌شداری دایه‌لۆگه‌كه‌ بوون.

له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی جیهان، گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسه‌ گرنگ و هه‌نووكه‌یه‌كان كرا، له‌وانه‌ش پرسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا، په‌تای كۆرۆنا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئابووری جیهان، كێشه‌ی په‌نابه‌رانی سه‌ر سنووره‌كان و به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كرا و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان كرایه‌وه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆبووەوه‌ و لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، بەڕێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی کاریگەری سەرۆك مەسعود بارزانی کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و جەختی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکایە لە ناوچەکە و دووپاتیشی کردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردەوە.

دایەلۆگی ستراتیجی ئەمەریکا و عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ مه‌نامه‌

هه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ “برێت مەکگورك”، رێکخه‌ری کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقيا له‌ کۆشکی سپی کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاووتوێ کران و جەختيش لەسه‌ر برەودان بە هەماهەنگیی و هاریکاری کرایه‌وه‌، لە پێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك، رێکخه‌ری کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقيا له‌ کۆشکی سپی

دیدارێكی دیكه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شازادە سەلمان بن حەمەد ئالخەلیفە, شازادەی جێنشین و جێگری فەرماندەی گشتی هیزە چەکدارەکان و سەرۆك وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی ئابووری بەحرەین بوو و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ له‌بارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی شانشینی بەحرەین لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەهێزکردن و رەخساندنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان کردەوە له‌سه‌ر بنه‌مای سوودوه‌رگرتن له‌ ئەزموونی وەبەرهێنانی بەحرەین.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سەلمان بن حەمەد ئالخەلیفە، شازادەی جێنشینی به‌حره‌ین

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبول غەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوه‌ و دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندی کۆمکاری عەرەبی و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگە هەرێمییەکان کرا.

دیداری نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی - مەنامە - بەحرەین
دیداری نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی – مەنامە – بەحرەین

له‌ درێژه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا پەیوەندییە مێژووییەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

 جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵڵا، شای ئوردنی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربری.

سەرۆکی حکومەته‌ هه‌رێم سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی شا عەبدوڵڵا و ئوردنی کرد و جەختی لە گرنگیی فراوانکردنی بوارەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ ئوردن کردەوە.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن - مەنامە - بەحرەین
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن – مەنامە – بەحرەین

له‌ دیدارێكی نێوان مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و میگێل بیرگەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیاش، گفتوگۆ له‌باره‌ی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لەسەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کرا.

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ورێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەر هاریکاریی و هەماهەنگییەک لە گەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ بەهاناوەچوون و چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلارووس و پۆڵەندا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.

کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بیرگەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا - مەنامە - بەحرەین
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل بیرگەر وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا – مەنامە – بەحرەین

دوێنێش كه‌ یه‌كه‌م رۆژی دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 بوو، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سێر ستیفن لەڤگرۆڤ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ له‌بارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا و جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرایەوە .

چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.

كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سێر ستیفن لەڤگرۆڤ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا
كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سێر ستیفن لەڤگرۆڤ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا

هه‌ر دوێنێش، كاتژمێر 5:30 خوله‌كی ئێواره‌ مه‌سرور بارزانی به‌شداری له‌ پانێڵێكدا كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ كاته‌، بۆ ئه‌نجدامدانی چاكسازی.

سه‌باره‌ت به‌ گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبیش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی: حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراوه‌یه‌كی یه‌كانگیر نییه‌، به‌ڵام هه‌موو پێكهاته‌كانی ناو حه‌شد له‌ یاسا ده‌رچوو نین و وه‌ك رایگه‌یاند، نابێت چه‌ك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌كاربهێنرێت و ده‌بێت میلیشیاكان چه‌كه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات دابنێن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ وارگه‌یه‌كی سه‌قامگیر له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه‌، به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ قوربانیدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین. روونیشیكرده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ كاری به‌ یه‌كه‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ به‌دی ناكرێت.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستیمان به‌ په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كی نوێی ئاسایشه‌، پێویسته‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌نێو په‌یكه‌ربه‌ندی نوێی ئاسایشدا بن له‌ ناویشیاندا ئێران و گوتیشی: نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و سه‌قامگیری ئابووری، هۆكاری به‌رده‌وامبوونی مه‌ترسییه‌كانی داعشن.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی كۆچكردنیش، مه‌سرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، به‌ڵام تۆڕی شاره‌زا به‌ مه‌رامی سیاسی، بارزگانیان به‌ هاووڵاتیانی ئێمه‌ كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاووڵاتیان وه‌ك چه‌ك به‌كاربهێنرێن.

مه‌ترسی و كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكاریی له‌ كه‌شوهه‌وای زه‌وی، به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی پێكهێنا و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستپێكردووه‌.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌وامی گوته‌كانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و پرسه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گوتی: له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ته‌نیا به‌ 5%ی بودجه‌ی عێراق پرۆژه‌مان كردووه، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ 95%ی بودجه‌ی عێراق له‌ چی خه‌رج كراوه‌؟

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان رۆژئاوای كوردستانیش‌ مه‌سرور گوتی: ئیداره‌ی رۆژئاوا نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كوردانی رۆژئاوا ناكات و نابێت به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكات و دووپاتیكرده‌وه‌، ئێمه‌ پشتیوانی دیالۆگی كوردی – كوردی ده‌كه‌ین و گوتیشی: به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانه‌كانی په‌كه‌كه‌، حكومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسایی له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان نییه‌.

دوێنێ مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ “دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021” به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك گه‌یشته‌ مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حره‌ین.