ئاژانسێكی بێلارووس: هێزە ئەمنییەكان پیلانێكی مەترسیداریان بۆ كۆچبەران داڕشتووە

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی (NEXTA)ی بێلارووسی، پیلانێكی هێزە ئەمنییەكانی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد، كە بەنیازن كۆچبەران ناچار بكەن بە چەقۆ هێرش بكەنە سەر پاسەوانانی سنووری پۆڵۆنیا.

ئاژانسی هەواڵی (NEXTA) كە لە ئۆپۆزسیۆنی بێلاڕووسەوە نزیكە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردووەتەوە، تیایدا دەردەكەوێت كە هێزە ئەمنییەکانی بێلاڕووس ژمارەیەک کۆچبەر ئامادە دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر پاسەوانانی سنووری پۆڵۆنیا.

بەپێی ڤیدیۆی ئاژانسەكە، ڕێنماییەکان بەم شێوەیەن کە كۆچبەران بە دار و بەرد و بتڵی ئاوەوە یان هەر شتێکی بەر دەستیان بكەوێ هێرش بکەن، دواتر بە چەقۆ پەلاماری پاسەوانانی سنووری پۆڵۆنیا بدەن.

هێزە ئەمنییەكانی بێلارووس بە كۆچبەرانیان گوتووە هەوڵ بدەن چەقۆ لە دەست و قاچی سەربازەکانی پۆڵۆنیا و لێشیان مەترسن، چونکە پۆڵۆنییەکان تەنها تەقە بە ئاسماندا دەکەن و هیچ کەسێك ناکوژن.

جێی باسە سەدان كۆچبەر لەسەر سنوورەكانی بێلارووس و پۆڵۆنیا و لیتوانیا گیریان خواردووە و بوونەتە قوربانیی یارییەكی سیاسیی نێوان بێلارووس و رووسیا لە لایەك و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپاش لە لایەكی تر.