مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ مه‌نامه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌ دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021 گه‌یشته‌ مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حره‌ین.

ئه‌مڕۆ نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی “دایەلۆگی مەنامە 2021”.

ساتی گه‌یشتنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌نامه‌
ساتی گه‌یشتنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌نامه‌

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌، “بڕیارە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆبوونەوە و  دیداری گرنگ، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، وڵاتانی ئه‌وروپا، وڵاتانی عه‌ره‌بی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتیی ئه‌نجام بدات”.

ساتی گه‌یشتنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌نامه‌
ساتی گه‌یشتنی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مه‌نامه‌

كۆڕبه‌نده‌كه‌ وه‌زیرانی به‌رگری، ده‌ره‌وه‌، راوێژكاره‌ باڵاكانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای وڵاتان و به‌رپرسانی باڵای هه‌واڵگری و ده‌سته‌بژێری شاره‌زایان و بیرمه‌ندان و گه‌وره‌ بازرگانانی ناوچه‌كه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ و پرسه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا زیاتر له‌ 300 گه‌وره‌ به‌رپرس و رۆشنبیری وڵاتانی جیهان به‌شداری ده‌كه‌ن. هاوكات ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ده‌بێته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دوولایه‌نه‌ی نێوان به‌شداربووان و نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتریان له‌ یه‌كدی.

له‌ 2004ه‌وه‌ به‌حره‌ین، میوانداری ئه‌و كۆڕبه‌نده‌ ده‌كات و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ توێژینه‌وه‌ ستراتیژییه‌كان (IISS)، كه‌ نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌ریتانیایه‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.

به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌، تۆم بیكیت، رایگه‌یاند، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆی ئه‌مساڵی كۆڕبه‌ندی مه‌نامه‌ تایبه‌ته‌ به‌ فره‌لایه‌نی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

گوتیشی: ململانێ و كێبڕكێكان له‌ ناوچه‌كه‌ ناسراون، به‌ڵام ئه‌و پرۆگرامه‌ی هه‌ژموونی هه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ریان گۆڕاوه‌، كۆڕبه‌نده‌كه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ خستنه‌ڕووی فره‌ڕه‌نگی و فره‌ لایه‌نی و گونجاوی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و هه‌ژموون و به‌هاكان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، كه‌ حه‌ڤده‌هه‌مینه‌ پرسه‌كانی سیاسه‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دیپلۆماتیكی به‌ربه‌ستانه‌” هه‌مه‌لایه‌تی و ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی له‌ چوارچێوه‌یه‌كی گۆڕاودا، كه‌نداو و ئاسیا، كۆتاییهێنان به‌ ململانێكانی ناوچه‌كه‌، دینامیكیه‌تی ئاسایش له‌ ده‌یاری سووریا، میلیشیا و مووشه‌كه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناووكی.

هه‌روه‌ها پرسی ململانێكانی عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن، لیبیا، ئه‌فغانستان به‌شێك ده‌بن له‌ ئه‌جێندای كۆڕبه‌نده‌كه‌. 

ئه‌مساڵ 300 كه‌سایه‌تی به‌شدار ده‌بن، هاوشێوه‌ی ساڵی رابردوو به‌ هۆی كۆرۆناوه‌ ژماره‌ی به‌شداربووان سنوورداره‌. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی قسه‌كه‌رن له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌وێ ئاماده‌ ده‌بن و له‌ رێی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ به‌شدار نابن.

په‌یمانگه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ندۆنیزیا، برابوو سوبیانۆ، وته‌ی ده‌ستپێكی خولی حه‌ڤده‌هه‌می كۆڕبه‌نده‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌جێندای به‌رگری ئه‌ندۆنیزیا له‌و كاته‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی بیستی گرتووه‌ته‌ ده‌ست.

هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، لوید ئوستن، سبه‌ی وته‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و تێیدا باس له‌ سیاسه‌تی به‌رگری وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌مبه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات. هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودییه‌ میر فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان ئالسعوود وته‌ی ده‌بێت و فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش به‌شدار ده‌بێت.

هاوكات 20 كه‌سایه‌تی باڵای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاسیا، ئه‌وروپا، ئه‌فریقیا، وه‌ك قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی به‌شداری ده‌كه‌ن.