گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 431 کۆچبەر دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە کە نزیکەی %95ی هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن.
جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتی: ئێوارەی ئەمڕۆ 431 کۆچبەر کە زۆربەیان کوردن لە بێلاڕووسیاوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، ڕاشیگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی بە ئاستێکی زۆر پڕۆفیشناڵ ئەو گرفتە چارەسەر بکات.
گوتیشی: ئەو خەڵکانە بوون بە قوربانی دەستی قاچاخچییەکان، ئاشکراشی کرد کە پرسی کۆچبەران بە سیاسی کرا و ویستیان لە ڕێگەی ئە م باباتەوە ناوی هەرێمی کوردستان لەکەداربکەن بەڵام ئامانجەکەیان نەهاتە دی.
هەروەها گوتەبێژی حکوومەت ڕایگەیاند: ئێستاش ناونووسین بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بەردەوامە و دڵنیایان دەکەینەوە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە کۆچ کردنە کەم بکات، هەروەها بەدواداچون بۆ ئەو کەسانەش دەکات کە قاچاخ بە گیانی ئەو خەڵکە دەکات.
هەروەها ڕایگەیاند: لێپێچیبنەوەی توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتە بەر کە بازرگانی بە گیانی مرۆڤەکانەوە دەکەن، ئێستاش توانراوە 10 لەو قاچاغچییانە دەستگیربکرێن.
ڕاشیگەیاند: ڕێگە بە هیچ ڕەفتارێکی لەو شێوە نادرێت کە بە فێڵ و قاچاخ خەڵک ببرێتە ئەو شوێنانە، خەریکبوو کێشەو گرفتێکی مرۆیی ڕووبەرووی کۆچبەران بببێتەوە بەڵام بینیتان حکوومەت چۆن مامەڵەی کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە پەیامێکە لە حکوومەتی هەرێم و خەڵکەکە تاوەکوو خەڵک بزانن کە قاچاخچییەکان مرۆڤەکان بەکاردەهێنن بۆ قازانجی خۆیان.