بەرپرسێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت هێشتا روون نییە ژمارەی ئەو کورسیانەی لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 بەدەستیانهێناون کەمدەبێتەوە یان نا، دەشڵێت ئەگەر کورسیەکانیان کەمیشببنەوە، کاتیی دەبێت.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17-11-2021، سەبارەت بە ئەگەری کەمبوونەوەی ئەو کورسییانەی پارتی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەدەستیهێناون وتی: “بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دەستەی دادوەری کە لە سێ دادوەر و سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێکدێت بە کۆمیسیۆنی راگەیاندووە دەبێت دەنگی ئەو وێستگانە بسووتێنرێت، کە پەنجەمۆری دووبارەیان تێدایە، بەشێک لەو وێستگانە لە چەند بازنەیەکی هەولێر و پارێزگای نەینەوان”.
هاوار محەممەد، ئاماژەی بەوەدا ئەگەر دەنگی هەموو ئەو وێستگانە بسووتێندرێن، ئەوە “کارێکی نایاساییە” و دەڵێت : “ئەگەر ئەوە رووبدات، رەنگە دوو کورسی لەدەستبدەین، بەڵام کاتیی دەبێت و دواتر دوو کورسییەکە لە رێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە بەدەستدەهێنینەوە، چونکە لە هەڵبژاردنی خوولی پێشووی پەرلەمان هەمان شت روویدا و بەدەستمان هێنایەوە”.
هاوار محەممەد، ئاماژەی بەوەدا: ئەو پرسە دوای تانەیەکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دێت، لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر و نەینەوا. هاوار محەممەد گوتی: “ئەگەر کۆمیسیۆن ئەو کارە بکات کە بنەمای یاسایی نییە هەموو دەنگەکانی وێستگەکان بسووتێت ئەوا ئەگەری هەیە یەکێتی دوو کورسی زیادبکات، بەڵام ئێمە تانە لەو بڕیارە دەدەین، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە کە کۆمیسیۆن ئەو کارە دەکات یان نا، چونکە ناکرێت لە وێستگەیەک بەشێکی کەمی لە دەنگەکانی پەنجەمۆری دووبارەبن و هەموو دەنگە تەواوەکانیش بسووتێن، ئینجا ئەو برادەرانە چۆن زانیویانە پەنجەمۆری دووبارە لەو وێستگانە هەیە، ئەمە گومانی لەلا دروستکردووین”.
بەپێی ئەو گۆڕانکارییەی، کە ئەگەری هەیە بەهۆی پەنجەمۆری دووبارە رووبدات ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 16 کورسییەوە ببێتە 18 کورسی و کورسییەکانی پارتی لە 33 کورسییەوە ببێتە 31 کورسی، هەریەک لە هەرێم کەمال ئاغا بەربژیری یەکێتی لە هەولێر و رۆنزی زیاد سەیدۆ لە نەینەوا سەربکەون.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدووم 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی و هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) 16 کورسی بەدەستهێناوە.