بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر و وەزیرى ئاوەدانکردنەوە، درێژترین پردی ھەرێمی کوردستان کرایەوە

نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە 2021.11.16، بەئامادەبوونى دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و بریکاری وەزارەتى ئاوەداکردنەوە و جێگری پارێزگاری دھۆک و قائیمقامى قەزایی خەبات و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێگا و بانى هەولێر و ژمارەیەک دیکە لە بەرپرسانی حکومی، لە ڕێورەسمێکدا، بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورەى ڕێگاى نێوان هەولێر- دهۆک کە درێژترین پردی ھەرێمی کوردستانە کرایەوە.

جێگەى باسە، پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورەى ڕێگاى نێوان هەولێر- دهۆک کە درێژی (928) مەترە و بە گوژمەکەی زیاتر لە (43) ملیار دینار لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دروستکراوە، یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژیی و گرنگانەى کە جگە لەوەى ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کاریگەرى و کاردانەوەیەکى زۆرشى هەیە لەسەر ھاتووچۆی و سەلامەتى هاوڵاتییان و ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەلە بازرگانییەکانى نێوان هەردوو پارێزگا بەتایبەتى و هەرێمى کوردستان بە گشتی.