خه‌لیلزاد: ئەمەریکا بژاردەی کشانەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە

زا‌ڵمای خه‌لیلزاد رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بژاردەی نییە بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە، بەڵکو رەنگە ئاڵوگۆڕ بکات، کە رکابەریەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەولەویەتی ئەمەریکاش گۆڕاوە.

زا‌ڵمای خه‌لیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا لە عێراق لە پانێلی دووەمی كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك بەشداریکرد و رایگەیاند: “هەندێک پرسی رێکخستنەوەی پرسەکان لەلایەن ئەمەریکا هەیە لە ناوچەکە زۆریش گرنگە، بەڵام کشانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بژاردەی ئەمەریکا نییە، بەڵام کۆمەڵێک پرسی وەک نەوت و گۆڕانکاری کەشوهەوا هەن، وادەکات پێویستە ئەمەریکا ئاڵوگۆڕێک بکات، هەندێک جۆر لە پەیوەندی هەن هەم سۆزداریە هەمیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە لەنێوان ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر باسی نەخشەی 20 ساڵی داهاتوو بکەین، دەبینین چین وەک رکابەرێکی نوێ دەیەوێت بێتە ناوچەکە، بۆیە ئەو ململانێیەی کە پێشتر لەنێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمەریکا هەبوو، بە فۆڕمێکی دیکە لەنێوان ئەمەریکا و چین دووبارە ببێتەوە، کە لە ئێستاوە رکابەرییەکان هەندێک ئاماژەی دیارن، بۆیە جەخت دەکەمەوە کشانەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بژاردەیەک نییە و هیچ مانایەک نابەخشێت، رەنگە لە وڵاتێکی دیاریکراو رووبدات، بەڵام بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باوەڕاناکەم ئەمەریکا بژاردەی وای لە بەرنامەدا بێت”.

ئاماژەی بەوەشدا: “لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زۆر لە جیهان روویداوە و ئەولەویەتی ئەمەریکاش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لەگەڵ رۆیشتنی کات جهیان بە ئاراستەیەک هەنگاو دەنێت رکابەری زۆر لەنێوان زلهێزان دروستبووە، وڵاتی چین ئێستا یەکێکە لە رکابەرەکان، هەوڵدەدات ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق و ئەفغانستان بقۆزێتەوە و تاکو بێتە ناوچەکە و پێگەی خۆی بەهێز بکات”.

سەبارەت بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کە خۆی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بوو بۆ پرسی ئەفغانساتن، زاڵمای خەلیل زاد گوتی: “راوێژکارەکانمان پێیانوابوو کە بوونمان لە ناوچەکە کەمتر بکەین، ئەمەش لەم روانگەوە کە چین لە رووی تەکنەلۆژیاوە خەریکە پێش ئەمەریکا دەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە ئەمەریکا زیاتر تەرکیز بخاتە سەر ئەم بابەتە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەفغانستان و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، شەڕی ئەفغانستان بە باشی بەڕێوە نەدەچوو، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو تاڵیبان لە پێشڕەویدا بوو، هاوکات ستراتیجێکی روون نەبوو کە پاڵپشتی سەرکەوتنێکی کورد مەودا بکات، ساڵانە 40 ملیار دۆلار لە ئەفغانستان خەرج دەکرا، پارە بۆ شوێنی دیکە پێویست بوو، بۆیە تیرۆریزم لە ئەفغانستان هەڕەشەیەکی هێندە گەورە نەبوو بەراورد بە هەندێک ناوچەی دیکە، لەوێ ژمارەیەکی کەم قاعیدە مابوون، لە شوێنی دیکە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویست تر بوو، ئەو رێگەیەمان لەبەردەم بوو کە سەرچاوەکان بگەڕێنینەوە لای خۆمان”.

خەلیلزاد، راشیگەیاند: “بێگومان کشانەوەی ئەمەریکا کاریگەری هەبوو لەسەر بۆچوون و متمانەی ئەمەریکا، بەڵام پێویست ناکات دۆستی باشی هەمیشەیی بین بۆ ئەفغانستان، ئەو تێگەیشتنە لە ئەمەریکا هەیە، 20 ساڵ هەوڵماندا هاوکاری ئەفغانییەکان بکەین و 89 ملیار دۆلارمان تەنها لە دروستکردنی ئەفغانستان خەرج کرد، دەرفەتمان رەخساند بێتە ناو پڕۆسەکە، بەڵام لەوە تێگەیشتین کە ئەفغانستان بە ئەرکی خۆی هەڵناستێ و سوودیان لێوەرنەگرت”.

ھەواڵی زیاتر