نێچیرڤان بارزانی: کورد نابێ لە وڵاتانی ناوچەکە جیابکرێتەوە، دەبێت جێگەیان بکرێتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، کورد نابێت لە وڵاتانی ناوچەکە جیابکرێتەوە، بەڵکو دەبێت جێگەیان بکرێتەوە. دەشڵێت، هەرێمی کوردستانیش هەمیشە وەک دەستپێشخەری ئاشتی و هۆکار و فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆک باسی دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان، پێکەوژیانی پێکهاتەکان، رۆڵی هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان و هاونیشتمانیان کرد.

  سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کاتێک عێراق سەرکەوتوو دەبێت و ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بژین و یەکدی قبووڵ بکەن، تاوەکو لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیری بۆ هەموو مرۆڤایەتی لە هەموو جیهان بەدەست بێت. گوتی، “جگە لە یەکدی قبووڵکردن و پێکەوەهەڵکردن، چارەسەرێکی دیکەمان نییە.”  لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10-10 سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو هەڵبژاردنە داواکاریی خۆپێشاندەرانی ساڵانی 2019 و 2020 بوو. ئێستاش دەبێت سەیری عێراقی پێش داعش و دوای داعش بکرێت کە بزانێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانی داعش بنەبڕکراون؟ هەر خۆیشی وەڵامی دایەوە کە “نەخێر.” 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت کە لە عێراق داواکاریی دیکە هەن وەکو باشترکردنی بژێویی ژیان، خزمەتگوزاری و هەلی کار، بەشدارییەکی کارای گەنجان لە حکومەت و بنەبڕکردنی گەندەڵی. بۆیە ئێستا “کاتێکی گونجاوە ئاوڕێک لە داوای خەڵک بدرێتەوە، هەر ئەوەش زامنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییە.” ئەگەر سەیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین و سەرنجی هەر یەکە لە وڵاتەکانی: یەمەن، لوبنان، سووریا، سوودان، جەزائیر، تونس و لیبیا بدەین، وەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، بە روونی دوو راستیمان بۆ دەردەکەوێت کە بریتین لە::

– هەڕەشەکان دەرەکی نین و لە دەرەوەی وڵاتەکە نەهاتوون

– ئەوەی بووەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەر یەکە لەو وڵاتانە وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکو پێکهاتە یان لایەنێکە لەنێو خودی وڵاتەکە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر سەیرێکی دۆخی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیاش سەبارەت بە پرسی کورد بکەین، دووبارە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی هەر یەک لەو وڵاتانەیە. پێویستە  هەر یەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی سنووری خۆیدا چارەسەرکردنی کێشەکە بە ئەهمیەتەوە وەربگرێت. 

نێچیرڤان بارزانی رووی لە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە کرد کە لە وڵاتانی دراوسێ و جیهانەوە هاتوون، گوتی، “کورد لەو وڵاتانەدا نابێت جیابکرێتەوە، بەڵکو پێویستە جێیان بکرێتەوە، بەپێی سەنگی خۆی هاوبەش و بەشداریی پێبکرێت و بواری پێبدرێت لە دروستکردنی بڕیاردا هاوبەش و بەشداربێت.” گوتیشی کە نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک پێش ئەم دەوڵەتانەی ئێستا هەر هەبوون و پێکەوە مێژوو و جوگرافیای هاوبەشیان هەیە و “بەدڵنیاییشەوە ئەم نەتەوانە وەک دراوسێ دەمێننەوە.” سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئێستا کە نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب لەم ناوچەیە خاوەن دەوڵەتن، ئەرکیانە کە مافی کولتووریی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانیان بدەن. 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەوەشی راگەیاند، “هەوڵی یەکدی سڕینەوە هەرچەندە تووندبێت و درێژەبکێشێت لەکۆتاییدا هەردەبێت یەکدی بخوێننەوە ئەو راستییەش دەبێت بهێندرێتەوە بیریخۆمان کە کەسمان بڕیارماننەداوە لێرە بڕۆین، کەسمان ناتوێینەوە بۆیە پێکەوەژیان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت رێگەی چارەسەرمانە.”

ھەواڵی زیاتر