وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیان کەوتە کار

سێكته‌ری كاره‌با بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری كاره‌با به‌ هاووڵاتیان، وه‌ك یه‌كێك له‌ گرنگترین سێكته‌ره‌كان له‌ لایه‌ن كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م شاروشارۆچكه‌ و ناوچه‌ و شوێنه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاری زۆری له‌سه‌ر كراوه‌ و چه‌ندان پڕۆژە‌ی جۆراوجۆر و گه‌وره‌ و بچووكی ئه‌نجام داوه‌. وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیان یه‌كێكه‌ له‌ نوێترین و دیارترین ئه‌و وێستگه‌ كاره‌باییانه‌ی كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستی به‌ جێبه‌جێكردنی كردووه‌ و ئێستا‌ به‌شێكی زۆری كاره‌كانی ته‌واو بووە، به‌ ته‌واوبوونیشی خزمه‌تێكی زیاتر به‌ دانیشتووانی سنووره‌كه‌ ده‌كرێت و تا ڕاده‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ سوود له‌م وێستگه‌یه‌ وه‌رده‌گرن.

پرۆژە‌یه‌كی گرنگ بۆ به‌رهه‌مهێنانی ١٦٥ مێگاوات كاره‌با:
وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیان یه‌كێكه‌ له‌و پرۆژە‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ پێناو سودگه‌یاندن به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ دروست كراوه‌. شێرزاد عه‌لی حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و ساغڵەمی له‌ پڕۆژە‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای ١٦٥مێگاواتی گه‌رمیان تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ورده‌كاریی پڕۆژە‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ باس كرد: ئه‌م وێستگه‌یه‌‌ به‌ پێی گرێبه‌ستێك جێبه‌جێ كراوه ‌له‌ نێوان كۆمپانیای ئه‌گریكۆی به‌ریتانی و فیدراڵی خۆماڵی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ ڕێكه‌وتی ١/١٠/٢٠٢٠ی زایینی كاركردن له‌م وێستگه‌یه‌ ده‌ستی پێ كرد و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠/٩/٢٠٢١ ته‌واوی پڕۆژە‌كه‌ ته‌واو بوو واتا ١٠٠%ی وێستگه‌كه‌ ئاماده ‌بوو بۆ كاركردن، وێستگه‌ی كاره‌بای ١٦٥مێگاواتی گه‌رمیان له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٣٥ دۆنم زه‌وی جێبه‌جێ كراوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی كاركردنی ئه‌م وێستگه‌یه‌، شێرزاد عه‌لی حه‌سه‌ن، گوتیشی “ئه‌و غازه‌ی كه‌ به‌ كاردێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له‌ لایه‌ن كۆمپانیای گازپرۆمه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی سه‌رقه‌ڵا دوو ئاماده‌ ده‌كرێت و له‌ ڕێگه‌ی بۆڕییه‌كی حەوت كیلۆمه‌تری كه‌ تیره‌كه‌ی شانزه‌ ئینجه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ وێستگه‌كه‌ و له‌وێشه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ١٧٢ موەلیده‌ی كاره‌با كه‌ دانراوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌باكه‌، سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و كاره‌بای لێ به‌رهه‌م دێت، چوار دانه‌ موەلیده‌ له‌و ١٧٢موەلیده‌یه،‌ كاره‌با ده‌ده‌نه‌ ترانسفۆڕمه‌ر و ئه‌وانیش له‌ ڕێگه‌ی محا‌ویله‌وه ‌ده‌كرێتە ١٣٢ كه‌ی ڤی و تێكه‌ڵ به‌ تۆڕی نیشتیمانی ده‌كرێتەوە.
هه‌ر موەلیده‌یه‌كیش كه‌متر له‌ یه‌ك مێگاوات كاره‌با ده‌دات له‌ كاتژمێرێكدا، هه‌روه‌ها له‌م وێستگه‌یه‌دا چوار کۆگای گه‌وره‌ی غاز هه‌یه‌ كه‌ غازی تێدا هه‌ڵده‌گیرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.

١١٨كه‌س له‌م وێستگه‌یه‌ کار ده‌كه‌ن:
هه‌ر پڕۆژە‌یه‌ك كه‌ دروست ده‌كرێت سوودی ته‌واو به‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ پڕۆژە‌كه‌ی لێ ئه‌نجام ده‌درێت، یه‌كێك له‌و سوودانه‌ش ڕەخساندنی هه‌لی كاری به‌رده‌وامە بۆ هاووڵاتیان و ده‌توانن داهاتێك له ڕێگه‌ی ئه‌م پڕۆژانه‌وه‌ ده‌ست بخه‌ن، بۆیه‌ له‌ وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیانیش نزیكه‌ی ١٢٠ كه‌س كاری تێدا ده‌كه‌ن كه‌ ٤٠ كه‌سیان كرێكار و كارمه‌ندی كوردن و زۆربه‌یان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ن و هەروەها ٤٠ كه‌سی تریشیان ستافی پاسه‌وانانن واتا سكیوریتین و ئه‌م وێستگه‌یه‌ ده‌پارێزن و ٣٨ كارمه‌ندیشیان تایبه‌تن به‌ كۆمپانیای ئه‌گریكۆ و بیانین.

پڕۆژە‌یه‌ك بۆ زیادكردنی داهات و وزه‌ی كاره‌با:
وێستگه‌ی كاره‌بای گه‌رمیان كه‌ ئێستا ١٦٥مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م دێنێت و تێكه‌ڵی تۆڕی نیشتیمانی ده‌كرێته‌وه‌، سوودی فره‌لایه‌نی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ جیا له‌و بڕ و‌ كاره‌بایه‌ی كه‌ به‌رهه‌می دێنێت، یه‌كێك له‌و سوودانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و پڕۆژە‌یه‌وه‌ وه‌ده‌ست دێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م پرۆژە‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادكردنی داهات بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌شێك له‌و غازه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ حكومه‌ت به ‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ سوودی لێ وه‌رده‌گرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
فەرمانگەی میدیا و زانیاری