کۆچبەران هەمیشە وەکو کارتی فشار بەرامبەر بە یەکێتیی ئەورووپا بەکار هێنراوە

بێلاڕووس، بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە کارتی کۆچبەران دژی یەکێتی ئەورووپا بەکار دەهێنێت، بەتایبەت ئەو کۆچبەرانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەیانەوێت بگەنە ئەورووپا. تورکیاش یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی کە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کۆچبەران لە رێگەی هێڵی ئاسمانی تورکیش ئایرلانەوە بەرەو بێلارووس دەگوازێتەوە.

ئاژانسی (DW)، تورکیا و رووسیا تۆمەتبار دەکات، بەوەی هاوکارن بۆ قووڵکردنەوەی قەیرانی کۆچبەران، بەڵام تورکیا رەتی دەکاتەوە ئەوان هۆکار بن و لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەش بە درۆ دەخاتەوە، کە هێڵی ئاسمانی تورکش ئەیرلاین، کۆچبەران بۆ بێلاڕووس بگوازێتەوە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، نەیویستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ئاماژەی داوە کە تورکیا هیچ کاتێک هاوکاری بێلاڕووس نەبووە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، چونکە تورکیا دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا چارەسەر بکات نەک خراپتر.
هەروەها باسی لەوە کردووە، تورکیا ئەندامی گومرگی یەکێتی ئەورووپایە، چەندین رێککەوتنیشی لەگەڵ ئەورووپا هەیە، بۆیە هەرگیز کۆچبەران دژی ئەوان بەکار ناهێنێت.
لە 2020، بە هۆی گرژی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا، تورکیا دەرگای بەڕووی کۆچبەران کردەوە، تا بچنە یۆنان و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا، ئەوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، بە ئاشکرا گوتی، دەتوانین کارتی کۆچبەران بەکار بهێنین و ئەورووپا وێران بکەین، بۆیە یەکێتی ئەورووپا، گومانی هەیە تورکیاش دەستی هەبێت لە بەکارهێنانی کارتی کۆچبەر دژی یەکێتی ئەورووپا.
لەبارەی ئەوەی، ئایە ئەو کۆچبەرانەی ئێستا لەسەر سنووری بێلاڕووسن و دەیانەوێت بچنە پۆلۆنیا، نێوانی یەکێتی ئەورووپا و تورکیا تێک دەدەت؟
باشاک یاڤجان، مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی (Liege) لە بەلجیکا، قسەی بۆ (DW) کردووە و دەڵێت: ”پێم وایە، بۆ ئەوەی یەکێتی ئەورووپا، تورکیا و بێلاڕووس تۆمەتبار نەکات لە قەیرانی کۆچبەران، پێویستە لەسەر خۆیان سنووری خۆیان بپارێزن لە کۆچبەر. یەکێتی ئەورووپا بیری چووە، ئەو وڵاتانە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا نین، جاروباریش، لەبارەی مافی مرۆڤ و دیموکراتی دژایەتی زۆریان لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا هەیە، بۆیە یەکێتی ئەورووپا بەبێ ئەوەی سەیری ئەمە بکات، دەچێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیان دادەنیشێت، نازانێت بەو دانیشتنانە، ئەو وڵاتانە زیاتر بەهێز دەبن و کارتی فشاری کۆچبەر دژی یەکێتی ئەورووپا بەکاردەهێنن. بۆیە دەڵێم دەبێت یەکێتی ئەورووپا سنووری خۆی لە کۆچبەر بپارێزێت و لەگەڵ تورکیا و بێلاڕووس لەوڕووەوە دانەنیشێت و گفتوگۆ نەکات”.
باس لەوەش دەکات، کە ئەگەر یەکێتی ئەورووپا لەگەل بێلاڕووسدا توند بێت و دژی بوەستێتەوە، بەو مانایە دێت سبەی لەگەڵ تورکیاش بە هەمان شێوە توند دەبێت بۆ بابەتی کۆچبەر، بۆیە رەنگە لە داهاتوودا، تورکیا کارتی کۆچبەر بەرامبەر بە یەکێتی ئەورووپا بەکار بهێنێت. تاکە رێگە پێداچوونەوەی سیاسەتی یەکێتی ئەورووپایە بەرامبەر بە کۆچبەر.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەیان چوارملیۆن ئاوارەی خەڵکی سووریای لێ هەیە، هەروەها زیاتر لە 29هەزار ئاوارەی ئەفغانیش لەم ئەمساڵەدا روویان لە تورکیا کردووە، کەچی تورکیا بەزۆر نایانگەڕێنێتەوە.
بۆیە دکتۆر مراد ئەردۆغان، شارەزا لە بواری کۆچبەر، پێی وایە تورکیا ئێستا کارتی کۆچبەر بەکار ناهنێت، چونکە لەگەڵ یەکێتی ئەورووپادا، خەریکی رێککەوتنێکە تا یەکێتی ئەورووپا لەڕووی داراییەوە هاوکاری تورکیا بکات، تا کۆچبەری ئەفغانی و سووری رەوانەی ئەورووپا نەکات.
ئەو دەڵێت: ”راستە تورکیا هەموو کاتێک ئامادەیە کارتی کۆچبەر دژی یەکێتی ئەورووپا بەکار بهێنێت، بەڵام بە هۆی ئەوەی خەریکی رێککەوتنێکی گەورەی داراییە لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، تا هاوکاری تورکیا بکەن و کۆچبەر نەنێرێتە ئەورووپا، بۆیە تورکیا هەرگیز لە ئێستادا کارتی کۆچبەر دژی یەکێتی ئەورووپا بەکار ناهێنێت”.
یەکێتی ئەورووپا بڕی 6ملیار یۆرۆی وەکوو هاوکاری کۆچبەران بۆ تورکیا تەرخان کرد و لەو رێژەیە 4ملیارو600ملیۆن یۆرۆی پێشکەشی تورکیا کردووە و ئێستاش خەریکن بڕە پارەکەی تری لەرێگەی ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ ئاوارەکان بۆ تورکیا رەوانە بکەن.
لەبارەی کۆچبەرە ئەفغانییەکانیشەوە، خەریکی رێککەوتنێکی ترن و بە گوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی ئەورووپا بە نیازە 3 ملیار یۆرۆی تر بداتە تورکیا.
سەلیم یەنەل، نوێنەری بەردەوامی پێشووی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، پێی وایە پێشتر تورکیا کارتی کۆچبەری دژی یەکێتی ئەورووپا بەکارهێنا، بەڵام هیچی دەستنەکەوت و سوودی نەبوو.
ئەو دەڵێت: ”تورکیا کارتی کۆچبەر دژی یەکێتی ئەورووپا بەکار ناهێنێت، چونکە پێشتر کە دەرگای بەڕووی یۆناندا کردەوە و هەزاران کۆچبەری رەوانە کرد، شکستی هێنا و گەڕاندیانییەوە بۆ تورکیا. ئەوکات کارەساتی مرۆیی دروست بوو و تورکیا سیاسەتێکی زۆر هەڵەی پەیڕە کرد، بۆیە وانەی لەوکاتە وەرگرتووە و دووبارەی ناکاتەوە. تورکیا ئیدی نایەوێت نێوانی خۆی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا تێک بدات“.

ھەواڵی زیاتر