حەکیم: پێویستە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی رێکبخرێنەوە و کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن.

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك رایگەیاند: “گەلانی ناوچەکە تاکو ئێستا بە دەست توندوتیژی و ناسەقامگیری ئەمنییەوە دەناڵێن، رازنین بەو چارەسەریانەی بۆ کێشەکان دانراون، بۆیە خەڵک ئێستا چاوی لە خاوەن بڕیار و خەڵکی ئاقڵمەندە کە چارەسەر بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی ئێستا و داهاتووێکی باشتر و سەقامگیرتر بۆ گەلەکەیان دابین بکەن”.

گوتیشی: “هەوڵدەدەین لە رێگەی کاری هاوبەش چارەسەری ئەو کێشانە بکەین، بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە پێکەوەژین، ئەمەش بەبێ پلان و پڕۆژەی گونجاو نایێتەدی، کە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئاستی ناوچەکە و وڵاتانی دراوسێ”.

سەرۆکی رەوتی حیکمە، راشیگەیاند: “دەبێ هەموو هەوڵەکان یەکبخرێن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان و قۆستنەوەی ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی پێشکەوتنی زیاتر. پێویستمان بە پڕۆژەیەکی روونە، بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان بەرەو پێش بەرین و ببێتە خاڵێکی بەهێز تا بڕوا بە گەلانی وڵاتەکەمان بهێنین کە دەبنە مایەی ئارامی بۆ ئەوان”.

ئاماژەی بەوەشدا: “بەشداری رێژەیەکی کەمی خەڵک لە هەڵبژاردن و گومانەکان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و رازی نەبوون بە ئەنجامەکان، هەروەها گومان کردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێزنەگرتن لە مافی هاووڵاتیی بوون و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان، هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ ناکۆکی و ئاڵۆزی، پێویستیان بە چارەسەری ریشەیی هەیە”.

عەمار حەکیم، راشیگەیاند: “پێویستە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی رێکبخرێنەوە و لە رێگەی دەستوورەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع بەسەر هاووڵاتییان. سیاسەتی یەکتر رەتکردنەوە و توندڕەوی لە عێراق هەموو سەرکردە و بەرپرسەکان دەخاتە ژێر پرسیار، کە چەندین جار هۆشداریمان لەوبارەوە داوە، پشتمان بە ئاقڵمەندان و سیاتێکی گونجاو بەستووە بۆ جێگرەوەی بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە”.