مه‌سروور بارزانی به‌ گوتارێك کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ده‌ست پێكرد

كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لە دهۆک به‌ وتاری به‌خێرهێنان،‌ ئەمڕۆ سێشەممە (16ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2021) له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد، كه‌ له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ده‌قی گوتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دهۆك:

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌ڕێزان، كاك دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، كاك نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دكتۆر رێواز، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڕێز عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، دیپلۆماتكاران، به‌ڕێزان، زۆر زۆر به‌خێربێن، زۆر خۆشحاڵم جارێكی دیكه‌ دوای په‌تای كۆرۆنا ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كۆده‌بینه‌وه‌، لێره‌ له‌ كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك، خۆشحاڵم توانیتان كات ته‌رخان بكه‌ن و بێن لێره‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شدار بن.

بێگومان ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و وڵاتی ئێمه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، له‌ قۆناغێكی گرنگ و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، ئێمه‌ پێویسته‌ له‌م كۆڕبه‌نده‌ به‌ ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونه‌كان و پێشكه‌شكردنی ئه‌و وتارانه‌، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ گرنگانه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك ده‌زانین جگه‌ له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی، كه‌شوهه‌وای سرووشتیش گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه‌، له‌ زۆر رووه‌وه‌ ده‌توانێت كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتان له‌ ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تیش هه‌بێت.

هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌، بابه‌تێك بێت، هه‌ر وه‌ك خۆمان چه‌ندین جاره‌ هه‌ستی پێده‌كه‌ین، كێشه‌ی ئاو بۆ نموونه،‌ یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتاندا هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ ئێستا به‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق تێده‌په‌ڕین، هیوادارین بتوانین ئه‌م قۆناغه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی ده‌ربازبین و عێراق بۆ كه‌ناری ئاشتی ببه‌ین، پێویسته‌ ئه‌مه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاری بۆ بكه‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بینین گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش هه‌ن، له‌ درووستبوونی هاوپه‌یمانیه‌تی و له‌ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نێوان وڵاتان، هه‌ر وه‌ك ده‌بینین، كه‌ ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كه‌ پشتیوانی له‌ هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیه‌كی ئاشتیانه‌ ده‌كه‌ین، له‌ گه‌یشتن له‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاو له‌ ناوچه‌كه‌ماندا.

هیوادارم ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ یارمه‌تیده‌ر بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌كانتان پاڵپشت و هاوكاربن، بۆ به‌رچاوڕوونی زیاتری هه‌مووان، كه‌ یارمه‌تی ئه‌و بڕیارانه‌ بده‌ین، له‌ خزمه‌تی وڵاته‌كه‌مان و ناوچه‌كه‌دا.

به‌ڕێزان دهۆك شارێكی خۆشه‌، شاری پێكه‌وه‌ژیانی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر كاتتان هه‌بوو، پێمخۆشه‌ سه‌ردانی شاره‌كه‌ بكه‌ن و تۆزێك ئه‌م شاره‌ش ببینن، جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنی گه‌رمی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌م و ته‌مه‌ننای سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم و هیوادارم ئه‌نجامی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروبۆچوونه‌كانتان له‌م كۆڕبه‌نده‌ی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و بخرێته‌ ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌، كه‌ پێویسته‌ له‌ داهاتوودا هه‌موومان كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م و جارێكی دیكه‌ به‌خێربێن.