گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی: کۆگای نیشتمانی بۆ دەرمان دروست دەکرێت

بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی دەرمان، بڕیارە کۆگایەکی نیشتمانی بۆ دەرمان دروست بکرێت و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستییش دەڵێت، ھاوردەکردنی دەرمان ڕێک خراوە و چاکسازی لە کەرتی دەرمان ھەنگاوی باشی بڕیوە.

د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە کەرتی دەرمان لە ھەرێمی کودرستان کراوە و لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی گشتیی دەرمانەوە چاکسازی لە کەرتی دەرمان کراوە و ھێنانی دەرمان لە دەرەوە بە شێوەیەکی زانستی ڕێک خراوە، ھەنگاوی زۆر گرینگیش لە کەرتی دەرمان نراوە.”

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: “لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دەرمان بە شێوەیەکی پێشکەوتوو ڕێک بخرێت، کۆگای نیشتمانی بۆ دەرمان دروست دەکرێت، مەبەست لە دروستکردنی کۆگای نیشتمانیی دەرمان ئەوەیە کە ھەموو دەرمانەکان لەو کۆگا نیشتمانییەدا کۆ بکرێنەوە و دەربچن.”

د. ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھەنگاوەکانی دروستکردنی کۆگای نیشتمانیی دەرمان دەستی پێ کردووە و سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی بتوانین ڕەوشی دەرمان کۆنتڕۆڵ بکەین. ئێستا ھێنانی دەرمان لە دەرەوە لە ڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بە شێوەیەکە پێویستە بڕوانامەی ئەو کۆمپانیایەی دەرمانەکەی بەرھەم ھێناوە لەگەڵدا بێت، واتە سەرچاوەکەی دیار بێت و ڕێگە نادرێت لە ھەموو وڵاتێکەوە دەرمان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.”

ھەواڵی زیاتر