هه‌ولێر.. 3 كه‌س به‌ تۆمه‌تی دزیكردن ده‌ستگیركران

موقه‌ده‌م هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، باندێكی دزكردنیان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ له‌ بازاڕی “كۆتری سه‌لام”ی هه‌ولێر مۆبایل و پاره‌یان دزیوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ پێشتر له‌سه‌ر دزیكردن چه‌ندین جار گیراون و دواتر ئازاد كراون.

گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئاشكرای كرد، 3 كه‌سیان به‌ تۆمه‌تی دزیكرن ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌ دوكانێكی بازاڕی كۆتری سه‌لام له‌ هه‌ولێر مۆبایلی دزیوه‌، تۆمه‌تباری دووه‌میش هه‌ر له‌سه‌ر دزینی مۆبایل له‌ مێزێكی فرۆشتنی مۆبایل له‌و بازاڕه‌ ده‌ستگیركراوه‌.

گوتیشی: تۆمه‌تباری سێیه‌م له‌ گه‌راجێكی راگرتنی ئۆتۆمبێل له‌ناو بازاڕ، بڕێ یه‌ك ملیۆن دیناری له‌ناو ئۆتۆمبێلێك دزیوه‌ و دواتر له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیراكراوه‌.

هۆگر عه‌زیز روونیكرده‌وه‌، ئه‌و 3 تۆمه‌تبارانه‌ پێشتر‌ 4 تا 6 جاری دیكه‌ له‌سه‌ر دزیكردن ده‌ستگیركراون و ئازاد كراون، راشیگه‌یاند، زۆرجار هێزه‌كانی پۆلیس دوای سكاڵاكردنی هاووڵاتیان به‌ ماندووبوون و پلانی ورد تۆمه‌تباران ده‌ستگیرده‌كه‌ن‌، دواتر به‌بێ ئه‌وه‌ی سزای یاسایی خۆیان وه‌رگرن، ئازاد ده‌كرێن.

روونیشكرده‌وه‌، هۆكاری به‌سزانه‌گه‌یاندنی تۆمه‌تباران، كشاندنه‌وه‌ی سكاڵاكانه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوان، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سكاڵای خۆیان نه‌كشێننه‌وه‌ و ده‌رفه‌ت بده‌نه‌ دادگا رێكاره‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات.