مەلا بەختیار: چاوەڕوانم یەکێتی بیسەلمێنێت بێبەرییە لەم تاوانە

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. دەڵێت، “چاوەڕوانم یەکێتی بیسەلمێنێ، وەکو نەریت و مێژووی خەبات کە بێبەرییە لەم تاوانە و ئەوپەڕی تێبکۆشرێت تاوانباران بە سزای حیزبی و یاسایی بگەیێندرێن.”

بەپێی گوتەکانی بێت، مەلا بەختیار سکاڵا تۆمار دەکات، دەڵێت، “کە لە دەرگەی دادگای کوردستانیشمدا، دڵنیام دادوەرە بەڕێزەکان دەزانن وەکو تاوانێکی سیاسیی بێپێشینە لەنێو نەتەوەی کورد، مامەڵە لەگەڵ کەیسێکی یاسایی هەستیاردا دەکەن.” مەلا بەختیار گوتی، ئەگەر دادگەی کوردستان ئەنجامی نەبوو، پەنا بۆ بەغدا دەبات، ئەگەر ئەوێش ئەنجامی نەبوو، ئەوا پەنا دەباتە بەر وڵاتێکی دەرەکی.
مەلا بەختیار لەبارەی کێشەکانی نێو یەکێتی باسی لەوەشکرد کە پلە بەخشینەوە لەنێو حیزبەکە لەدوای کۆنگرەی چوارەم زۆر باو بووە و “11 هەزار پلە بەخشراوەتەوە.” گوتیشی ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک متمانە لە یەکێتی بسەنێتەوە.
مەلا بەختیار رایگەیاند، ژەهرەکەی لە رێگەی خۆراکەوە پێدراوە، بەڵام رەتیکردەوە ئاشکرای بکات چۆن و چەند جار پێی دراوە، بە هۆکاری ئەوەی لێکۆڵینەوە دەکرێت.

بەشێک لە دەقی قسەکانی مەلا بەختیار لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی
میدیا ئازیزەکان، من دوێنێ بەڵێنمدا ئەمڕۆ وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە، ئەوەندەی دەتوانم باسی ژەهراویکردنی خۆمتان بۆ دەکەم. ئەوەندەی چوارچێوەی لێکۆڵینەوە بوارم ئەدا، هەندێک روونکردنەوەتان بۆ بدەم. چونکە هەموو ئەوانەی لە یاسا شارەزان، دەزانن هەموو کەیسێک کە لە لێکۆڵینەوە بوو، نابێت ئەوەی کە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکە بچێتە ناو وردەکاری و پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە تێکبچێت. بەڵێ من، بەبێ ئەملا و ئەولا دەیڵێم: لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژەهرخواردکراوم. دوو سێ مانگیش پێش هەشتی تەممووز ئەم تاوانە بەرامبەر بە من ئەنجامدراوە. زانیاریم بۆ هاتووە کە لە زانیارییەوە ئەم کارە بەرامبەر بە من کراوە. وەنەبێ بڵێم سەرئەنجامی پشکنین ئەمەم بۆ دەرکەوتبێ، سەرەنجامی پەرۆشی ئەو کەسانەی پەرۆشی خەڵکی وەکو ئێمەن، دزەیان بە زانیارییەکە کرد “مەلا بەختیار فریای خۆت بکەوە”، هەفتەیەک دوای ئەوە، دیسان ئەو سەرچاوەیە بە منی گوت: بەڵکو بە وەستا حەسەنیش بڵێی ئاگای لە خۆی بێ. بە حوکمی ئەوەی کە لە ژیانما خراپەیەکم نەکردووە جگە لە کوردایەتی، فایلم نییە، هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی گومانی لە هەڵوێستە کوردایەتییەکانی من نییە، سەنگەرەکان شاهێدن کە پێشمەرگە بووم، قۆناخە سەختەکان دەزانن کە خەڵکی وەکو ئێمە چیمان کردووە. لەناو یەکێتیشدا لە جەنابی مام جەلالەوە تاوەکو دوایین دامەزرێنەر، هەموومان دۆست بووین، هاوسەنگەر و هاوخەبات بووین.
من هیچ گومانێکم لە خۆم شک نەدەبرد کە هۆکارێک هەبێت تاوانێکی لەو جۆرە بەرامبەر بە من بکرێت. بڕوابکەن سێ هەفتە ئەوا زانیارییەی کە پێم گەیشت فەرامۆشم کرد، لێکم دەدایەوە، بۆ؟ هۆکار؟ چیم کردووە؟ لە کۆنگرە بێدەنگبووم، دەسەڵاتم هەمووی دایەوە، وازم لە هەموو دەسەڵاتێک هێنا، بۆ ئەوەی یەکێتی تووشی هیچ قەیرانێک نەبێ بەهۆی ئێمەمانانەوە گوتمان کاکە ئێمە دوور ئەکەوینەوە، ئەنجوومەنی باڵامان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەوەندەی بتوانین لە ئەنجوومەنی باڵاوە بە ئارامی خزمەت بکەین. دەسەڵاتی پارە، هێز، حیزبی، پلە بەخشینەوە، بازاڕ، پەیوەندییەکان، رێکخراوەکان و راگەیاندنەکان هەموویمان بەجێهێشتووە. گوتمان ئەوان دەڵێن: ئێمە نەوەی نوێین و یەکێتی نوێ دەکەینەوە، گوتمان با تاقیبکەینەوە. ئەنجوومەنی باڵا شاهێدە من یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا گوتوومە: نابێ بەهیچ شێوەیەک کارێک بکەین ئەو برادەرانە نیگەران بکەین، ئەگەر سەرکەوتووبن شانازییان پێوە بکەین، ئەگەریش سەرکەوتوو نەبوون، دوای ساڵێک یان ساڵ و نیوێک دەردەکەوێت، ئەوکاتە ئێمەش دەتوانین بەجۆرێکی دیکە بێینەوە مەیدان و خاوەندارێتیی یەکێتی بکەینەوە. با پەلە نەکەین، با شانسێک بدەین بەم هەڤاڵانە، شانسەکەمان لە رادە بەدەر پێدان.
نەک ئەمەی بەرامبەر بە من کراوە، ئەوەی بەسەر یەکێتی هێنراوە لە ژەهرخواردن خەتەرترە. خەتەرەکە لە چیدایە؟ خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی لە رووی سەربازییەوە شکابێ، خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی دەوڵەتێکی ئیقلیمی موئامەرەی لێدەکا، خەتەر لەوەدا نییە کە ئەمڕۆ و بەیانی خوانەکردە شەڕی ناوخۆ دەستپێبکاتەوە، خەتەر لەوەدایە کە یەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەی یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوار، متمانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دابەزاند، متمانەی رای گشتی. ئەمە خەتەرترین ئافاتە تووشی هەر حیزبێک ببێت… نزیکەی 300 هەزار دەنگ ئێمە دابەزیوین لە دوا هەڵبژاردن، حیزبایەتی لەنێو یەکێتی پەراوێز خرا، پلە بەخشینەوە بوو بە شتێکی زۆر زۆر تەبیعی کە مەسئوولێک بەپێی زانیارییەکان، 11 هەزار پلەیان بە ئارەزووی خۆیان بەخشیوەتەوە، بڕۆن سەیری سکرتارییەتەکەی من بکەن. زیاد لە 250 فایلی تێدایە کە من مەسئوولی بووم و ئەوکاتە کارگێڕ بووم، کە داوای پلە بەرزکردنەوەیان کردووە، بە هەموویا چوومەتەوە، ئەوەی بە زنجیرەی حیزبایەتی گەشەی نەکردبێ، ئیمزام بۆ پلە بەرزکردنەوەی نەکردووە. لەو ماوەیەی من کارگێڕ بووم، بە هەمووی 30 کەسم بەرز نەکردووەتەوە بۆ مەکتەبەکان. ئەمە خەتەرە بۆ یەکێتی. بۆیە یەکێتی وای لێدێ خەڵک متمانەی لێ دەسێنێتەوە.
ئێستا من چیمکرد؟ خەبەرەکم پێگەیشت نەمکرد بە هەڵا. بە ئارامی جگە لە کەسوکار و چەند هاوڕێیەکی خۆم نەبێ، بە کەسم نەگوت. وا پێویستبوو کە دەبێ بڕۆم پشکنین بکەم، پێش ئەوەی بە هەڤاڵ بافڵ بڵێم، پێش ئەوەی بە زانیاریی بڵێم، پێش ئەوەی بە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی کوردستان بڵێم، کە ئەمە جیهاتی مەعنی منن، ئەبێ یەکەمین لایەن بەمانە بڵێم، لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن. ئەوەشم نەکرد. چوومە عەممان بۆ نەخۆشخانەی خالیدییە. سەرگوزەشتەکەم گێڕایەوە کە جەلالەتی مەلیک هاتە سەر هێڵ. کە ئەنجامی پشکنینەکەم دەرکەوت “بەڵێ تۆ بەم دەرمانانە ژەهرخوارد کراوی” دەستبەجێ ئەنجامی پشکنینەکەم ناردووە بۆ هەڤاڵ بافڵ، زانیاری و دکتۆر خەسرەو، هاوشار و هاوڕێی ئازیزم، بۆ مێژوو گوتوومە لەوانەیە من ژیان دەرنەبەم لەم ماوەیە، بەڵام با ئەمەتان لابێ، کە من ئەمە حاڵمە. هاتمەوە بۆ سلێمانی، دوو جار هەڤاڵ بافڵم بینی، خۆی عەزێتی کێشا هات بۆ لام، جارێکیان بەرپرسی زانیارییم بینی لەسەر وردەکارییەکان قسەمان کرد. چووم بۆ ئەڵمانیا، بە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی راپۆرتی ژەهرخوارکردنی منە لە یەکەمین چرکەساتی چوونە ناو نەخۆشخانەی ڤیڤانتس لە ئەڵمانیا، کە باشترین نەخۆشخانەیە لە ئەڵمانیا و دووەم یان سێیەم نەخۆشخانەی جیهانە، بەشی تایبەتییان بۆ ئەم کارە (ژەهرخواردکردن) هەیە، پۆلیس و پۆلیسی تاوان لێکۆڵینەوەیان لە ژەهرخواردنەکەم کردووە و وەڵامی هەموویان هاتووەتەوە کە دواتر بە ئینگلیزی و کوردیش بڵاوی دەکەینەوە.
یەک تۆز تەمومژ لە تاوانی ژەهرخواردکردنم نییە، بۆیە ئەوانەی بە هەر هۆکارێک بووبێ ویستوویانە گومان بخەنە سەر ئەم ژەهرخواردکردنەی من، هیوادارم بەخۆیاندا بچنەوە. من پێویستم بەوە نییە کە سواڵی ژەهرخواردکردن بکەم بۆ خۆم. جارێ 15٪ی مێژووی خۆمم نەنووسیوە و نەگوتووە، مێژووم ئەوەندەیە کە دەترسم تەمەنم بەشم نەکات هەمووی بنووسمەوە، بۆیە پێویستم بەوە نییە بێم داستان و سیناریۆ بۆخۆم هەڵبەستم، هەرگیز شتی وا لە من ناوەشێتەوە. ئەوە سەلمێنرا و کۆتاییهات.

ھەواڵی زیاتر