گەشتی ئاسمانی ئارەزوومەندانە بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران ڕێکدەخرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە چەند رۆژ و هەفتەکانی رابردوودا دیسان دیاردەی کۆچ بووەتە مژاری رۆژ، وڵاتانی ئەوروپا و ئەو وڵاتانەش کە سەرچاوەن بۆ دیاردەکە لە هەوڵی ئەوە دان چارەی ئەم دۆخە بکەن و لە کاریگەرییە خراپەکانی کەم بکەنەوە و رێگری لە روودانی کارەساتی مرۆیی بکەن. یەکێک لەو رێگەچارانە ئەوەیە ئەو کۆچبەرانە بە ویستی خۆیان بگەڕێندرێنەوە و رێگاکانی کۆچیش قورس بکرێن.

وەک ئاشکرایە هەزاران کۆچبەر لە دارستانەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن حکوومەتی پۆڵەندا سنوورەکانیان بەڕوویدا بکاتەوە و دەربازی وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا بن. بابەتی ئەم جارەی کۆچبەران رەنگ و بۆیەکی ململانێی سیاسی نێوان بیلاڕووسیا و یەکێتی ئەوروپای گرتووە و ئەوەی لەو نێوەندەدا بووەتە قوربانی ئەو کۆچبەرانەن کە وەک ئامرازێک و کارتێکی گوشار بەکار هێنراون.
دیاردەی کۆچ هەر لە کۆنەوە لە هەرێمی کوردستان هەبووە بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە دوای ئەوەی بیلاڕووسیا ڤیزەی گەشتی بە هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا، بەشێک لەو هاووڵاتییانەی کە پێشتریش ئارەزووی ئەوەیان هەبووە بۆ ئەوروپا کۆچ بکەن بەڵام سەختی رێگا دەرەتانی پێ نەدابوون، ئەمەیان وەک هەل قۆستەوە و خۆیان گەیاندە بیلارووسیا. ئەوان پێیان وابوو کە گەیشتنە بیلارووسیا رێگای دەربازبون بۆ ئەوروپا زۆر ئاسانتر دەبێت، بەڵام وا دەرنەچوو و دارستانەکان و سەرما و سۆڵە ئەگەر هێندەی شەپۆلە خرۆشانەکانی دەریای ئیجە مەترسیدار نەبن ئەوا مەرسییەکەی کەمر نییە.
کات تا زیاتر تێدەپەرێت مەترسییەکان بۆ سەر گیانی کۆچبەران زیاتر دەبن و تا ئێستاش ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لە دەست داوە و بەشیک لە کۆچبەرانیش پەشیمان بوونەتەوە لەو رێگایەی هەڵیان بژاردووە و خوازیارن هاوکاری بکرێن و بۆ ماڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە لەسەر خەتن و لە هەوڵ دان بە پێی ئەو توانایەی هەیانە یارمەتی کۆچبەران بدەن. هەر دوێنێ وەزیری بەرگری بیلارووسیا سەردانی بەغدای کرد و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سەردانەش پرسی کۆچبەران بووە.
کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی داوە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی سەردانی وەزیری بەرگری بیلاروسیا بۆ بەغدا پرسی کۆچبەران دەبێت و لەوە هۆکارەکانی بە قاچاخبردنی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بیلارووسیا دەکۆڵنەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی دابوو داوا لە وەزیری بەرگری بیلارووسیا دەکەن خەمی کۆچبەرانی بێت و حکوومەتی بیلارووسیا هەر بەم شێوەیە لە دارستانەکان پشتگوێیان نەخات و لەرووی مرۆییەوە ئاگاداریان بێت تا رێگە چارەیەکیان بۆ دەدۆزرێتەوە.
یەکێک لەو رێکارانەی حکوومەتی عێراق بۆ ئەو کۆچبەرانە گرتوویەتە بەر بریتییە لە گەڕانەوەیان بۆ عێراق. هاوکات ئاماژەی دا لەگەڵ وڵاتانی یەکیتی ئەوروپاش لە پێوەندی دان تا رێگە چارەیەکی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە. بە گوتەی وەزارتەکە بەمزووانە گەشتی ئاسمانی بۆ ئەو کۆچبەرانە رێک دەخەن کە لە سنوورەکانی بێلارووس و پۆڵەندا دەیانەوێت لەسەر داخوازی خۆیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە.
گەشتەکان لە مینسکەوە بەرەو بەغدا دەبێت و بەڵگەی پێویست بۆ ئەو هاووڵاتییانە ئامادە کراوە، کە خواستیان لەسەر گەڕانەوەیە و حکوومەت بڕێکی بەرچاوی بودجەی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان کردووە.
پێشتر حکوومەت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو کە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، رەزامەندنی نیشان دراوە لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی دارایی ٣٠٠ ملیۆن دینار تەرخان بکات بۆ وەزارەتی دەرەوە لە یەدەگی فریاگوزاریی ساڵی دارایی ٢٠٢١، ئەوەش بەمەبەستی خەرجکردنی بۆ ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە لەسەر سنووری بێلاڕووسیا لەگەڵ پۆڵەندا و لیتوانیا گیریان خواردووە و دەیانەوێت بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
پێشتر حکومەتی عێراق وەک نیازپاکییەک بەرامبەر بە ئەوروپا تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی بەرەو بێلارووس راگرتووە. گۆشارەکانی یەکیتی ئەوروپا بۆ سەر وڵاتان و کۆمپانیاکانیان هۆکارێکی ترە لەوەی وڵاتی تریش گەشتەکانیان بۆ بیلاڕووسیا بوەستێنن. هەر دوێنێ کۆمپانیای فڕۆکەوانی شام ئەیری سووریا هەشتەکان بۆ بیلارووسی وەستاند و پێشیتریش تورکیا ئەوەی لە تەواوی کۆمپانیاکانی قەدەغە کرد هاوولاتیانی عێراق، سووریا و یەمەن بۆ بیلارووس بگوازنەوە.

ھەواڵی زیاتر