وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم له راگهیهندراوێكدا وهڵامی جێگری پارێزگاری ههڵهبجهی داوهتهوه، كه وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ داوای لە وەزارەتمان کردووە، دووبارە رێژەی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت، بهڵام پارێزگای ههڵهبجه زیاتر له رێژهی دانیشتوانی بۆ تهرخان كراوه.
له روونكردنهكهدا هاتووه، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە کۆی (99) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕی (5،535،500،000) دیناری بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە، کە ئەمە دەکاتە رێژەی (4.5)%ـی کۆی پارەی تەرخانکراو، لە کاتێکدا بە داتای رێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی (2%)ـی بەردەکەوێت.
دهقی روونكردنهوهی وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی كوردستان:
لەبری پۆستی فهیسبوک؛ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەیتوانی سەردانی وەزارەتمان بکات بۆ زانیاری و ئاگاداربون، لە بڕیار و تەرخانکردنی بودجە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، چونکە لامان سەیرە! ناکرێت لە پۆستیکی ئاوا بیت و ئاگاداری کار و پڕۆژەکانی وەزارەتی پلاندانان نەبیت، بە شاهیدی هەموو لایەک دەرگامان کراوەیە، بۆ هەموو کەسێک و پێدانی زانیاری نەک بەلارێدابردن و چەواشەکاری ئەو خزمەتانەی پێشکەش بەشاری هەڵەبجەی خۆشەویستمان دەکەین.
- وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم کردووە بەژمارە 2147 / لە رێکەوتی 5-9-2021 و داوای لە وەزارەتمان کردووە، دووبارە ڕێژەی پارێزگاکانی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک دیاری بکرێت، بەمەرجێک کۆی گشتی هەموو بودجەکە لە (100) ملیار دینار تێپەڕ نەکات.
وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ رێژەی دانیشتووانی بە مەرج داناوە بۆ دیاریکردنی پشکی هەر پارێزگایەک و رێگە نادەن بنەمای دیکە بەکاربهێنرێت، چونکە تەنیا بنەمای رێژەی دانیشتووان بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق پەیڕەو دەکرێت. - وەزارەتی پلاندانانی هەرێم، لە کۆی (99) ملیار دیناری بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بڕی (5،535،500،000) دیناری بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکردووە، کە ئەمە دەکاتە رێژەی (4.5)%ـی کۆی پارەی تەرخانکراو، لە کاتێکدا بە داتای رێژەی دانیشتووان پارێزگای هەڵەبجە بڕی (2%)ـی بەردەکەوێت، واتە بەڕێژەی (125%) لە پشکی خۆی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانکراوە.
- هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵدراوە کە تایبەتمەندی پارێزگای هەڵەبجە لە پشکی پرۆژەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کۆی گشتی (570) ملیار دینار پارەی تەرخانکراوی پڕۆژەکان بۆ ساڵی 2021، بڕی (31.61) ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە تەرخان کراوە (کە هەر لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە یەک نووسراو بڕی 23 ملیار بۆ هەڵەبجە تەرخانکرا)، کە ئەگەر پشکی راستەقینەی پارێزگاکە و رێژەی دانیشتووان بووایە، دەبوو بڕی (11.4) ملیار دینار بۆ پرۆژەکانی ئەم پارێزگایە تەرخان بکرایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی قوربانیدانی خەڵکی ئەم ناوچەیە و تایبەتمەندی ئەم پارێزگایە، کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2021ـدا رێژەی (5.5%) پارەی پرۆژەکانی بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانکردووە، واتە دوو هێندە و نیو زیاتر لە پشکی خۆی بەرکەوتووە.
- سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆ مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و خزمەتکردنی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوابەدوای وەرگرتنی رەزامەندی زارەکی سەرۆکی حکومەت، وەزارەتمان نووسراوی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی سەرۆکی حکومەت، بۆ دروستکردنی سایلۆ و کۆگای عەمبارکردن لە هەڵەبجە، کە بێگومان ئەمەش دەبێتە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی کابینەی نۆیەم لە سنووری ئەم پارێزگایە و خزمەتێکی بەرچاو بە جووتیارانی ناوچەکە دەگەیەنێت.
لێرەوە بە هەموو دانیشتوانی هەرێمی کوردستان رادەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەبێ جیاوازی کاردەکات لە تەرخانکردنی بودجە و دیاریکردنی پرۆژە لە هەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەپێی بودجەی بەردەست و پێویستی ناوچەکان، پۆستی فهیسبوکی جێگری پارێزگای هەڵەبجە و ئەوانەی دەیانەوێت چەواشەکاری کار و بەرنامەکانمان بکەن، ساردمان ناکاتەوە و هەموو لایەک دەتوانن سەردانی وەزارەتمان بکەن و ئاگاداری زانیارییەکان بن.