ڕێژەی بەفربارین بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دواکەوتووە

یەکەمین بەفری ساڵ چەندین شارۆچکەی لە سنووری هەردوو پارێزگاکانی هەولێر و ورمێ سپیپۆش کرد و لە ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان هەشت سانتیمەتر و لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش نزیکەی 15 سانتیمەتر بەفر باریوە، بە بەراورد بە ساڵی رابردووش بەفربارین نزیکەی 15 رۆژ دواکەوت.

 بەفر لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو چیاکانی سپیپۆش کرد و ئەمڕۆش لە گوند و ئاواییە کوێستانیەکان دووبارە بەفر باری. لە رێگەی سەرەکی و نزیک دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران هەشت سانتیمەتر بەفر باری.

بەڵام رێگەکان هیچ ئاستەنگێکیان بۆ دروست نەبووە و ئاڵوگۆری بارزگانی و هاتووچۆی گەشتیاری بەردەوامە. هەژار بێرکۆتی، گەشتیارێکە و دەڵێت، “بەس بۆ ئەوەی جلی زستانە لەبەر بکەین، مردین لەبەر گەرمای هاوینی هەولێر دەمانزانی بەفر دەبارێت لەبەر منداڵەکان هاتووین”. 

ئەم شەپۆلی بەفربارینە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە، بارهەڵگرەکانی ترانزێتی لە زۆر شوێنی رێگەکاندا بەفر رایگرتوون و بە ئەستەم گەیشتوونەتە باشووری کوردستان. ئیسماعیل سەمیری، شۆفێرێکە و دەڵێت، لە مهاباد رێگەی بورهانی بەینی بۆکان مهاباد، لەگەڵ سەقز بۆ تیکاب بەفری زۆریان لێ باری بوو جاروبارە ئۆتۆمبێل گیری دەخوارد و رێگە دادەخرا، لە سنووری پیرانشاریش هێندەی حاجی ئۆمەران باریوە.

ھەواڵی زیاتر