مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، لەسەر ئاستی هەرێمایەتی لە ناوچەکەدا قەیران و شەڕ و توندوتیژی بەربڵاوە و هەرێمی کوردستان توانیویەتی هاوسەنگیی هێز ڕابگریت و خۆی بگونجێنێت و هەندێک لە پەیوەندییەکان بپارێزێت و باڵانسی هێز لەگەڵ هەموو لایەنەکان ڕابگڕیت و سەرەڕای ئەو هەڕەشانەی لەسەر ناوچەکە هەیە، کوردستان توانیویەتی خۆی لەو سیراعاتانە بپارێزێت.
سەدیق حامید، پسپۆڕی توێژینەوەکانی ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ و چارەسەری ململانێیەکان، دەڵێت: ”کوردستان ئێستا توانیویەتی ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو پێکهاتەکان، ئەمە خاڵێکی گرنگە لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چونکە هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێکهاتەکانی عێراقیش لە خۆی بگریت، بەتایبەت مەسیحی و ئێزدی و لە وڵاتانی دەرەوەش بەتایبەت پەنابەرانی کوردی ڕۆژئاوا هاتوونەتە هەرێمـی کوردستان، ئەمەش کارتێکی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسییە لەنێو فەزای سییاسیی جیهانیدا، لە جیهانیشدا کوردستان توانیویەتی سومعەی سیاسیی خۆی بپارێزێت و لەمەشدا سەرکەوتوو بووە و توێژینەوەکانی ئاشتیش ئاماژەیان بەمە داوە.”
ئەو مامۆستایە دەڵیت: ”پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان بنیات نراون لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، هاتنی سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان مانای ئەوەیە پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها ئەمەش خاڵیکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان کە کورد توانیویەتی خاڵێکی هاوبەشی لە سیاسەتی دەرەوە هەبێت لەگەڵ ئەم وڵاتانە، چونکە ئەم وڵاتانە توانیویانە بە چاوی ئاشتی تەماشای هەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش مەسجێکە بۆ هەموو وڵاتانی ئیقلیمی کە کوردستان ناوەندێکی گەورەی ئاشتییە بۆ بەرقەراریی سیاسی و ئابووری و هەولێریش بووەتە شوێنی بڕیارە گرنگەکانە دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە.”
ئاماژەیشی دا: کوردستان دەتوانێت زیاتر وەبەرهێنان لەم پەیوەندیانەدا بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەموو دۆخێکی نەخوارزاودا ئەم وڵاتانە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەن و میدیاش دەتوانێت وڵاتی خۆی بەجوانی پێشان بدات، کوردستانیش دەتوانێت لەسەر مافەکانی مرۆڤ پەرە بە سومعەی هەرێمی کوردستان بدات، کەوا کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ هەموو کەس و پێکهاتەیەک و لەسەر ئازادییەکانی مافی مرۆڤ زیاتر کار بکات و ئازادی و دیموکراسی لەم وڵاتەدا بەرقەرارە.