هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پاکستان لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پاکستان ، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتی پاکستانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەخشینی سکۆڵەرشیپ (زەمالەی خوێندن) بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پاکستاندا.

باڵیۆزی پاکستان، هەروەها بە پێزانینەوە، ئاماژەی بە پێشکەوتن و ئاوەدانیی و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد، وەک فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا .

سەرۆکی حکومەت، وێڕای جەختکردنەوە لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان، بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ پاکستان، باسی لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها، دەرفەتەکانی کار و هەماهەنگیی هاوبەش، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولادان، تاووتوێ کرا.