دووشەممە, تشرینی دووه‌م 18, 2024

ساڵی داھاتوو حکوومەتی عێراق سەرژمێری گشتیی ئەنجام ده‌دات

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە لە میانی ساڵی داھاتوودا، سەرژمێری گشتیی ئەنجام دەدرێت.

ماھر حەماد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاربوو، سەرژمێری گشتیی لە ساڵی رابردوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و قەیرانی تەندورستیی ئەنجام نەدرا و گوتی: “بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە”.

ماھر حەماد باسی لەوەش کردووە کە لە میانی ساڵی داھاتوودا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام دەدرێت و گوتی: “120 بۆ 150 ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی، تەرخان دەکرێت”.

بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، 40 ملیۆن و 150 ھەزار کەس.