هەرلێر زانیاری لە بارەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو

ڕائیب جادر – هه‌ولێر

نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی، گەشتوگوزار، گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێت: لە هەموارکردنەوە و جێبەجێکردنی یاسای خانووە بێتاپۆکاندا لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 300 بۆ 350 هەزار کەس سوودمەند دەبن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، بەوەش کۆتایی بەو دیاردەیە دێت لە هەرێمی کوردستان.

تاپۆکردنی ئەو زەویانەی کە ساڵانێکە هاووڵاتییان وەریان گرتووە و تا ئێستا نەیانتوانیوە تاپۆی بکەن، بەتایبەتی ئەو زەویانەی کە کارتن، بە بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی شارەوانی راسپێردرا کە ئەو زەوی و خانووانە تاپۆ بکات و دەرچەی یاساییان بۆ بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن زەوییەکانیان بەناوی خۆیانەوە بکەن، ئەمە یەکێکە لە بڕیارە باشەکان و رەنگدانەوەی لەناو هاووڵاتییان دەبێت، چونکە خەڵک نەیدەتوانی بەو کارتە خانوو بۆ خۆی دروست بکات، یان بەشێوەی یاسایی نەدەبووە خاوەنی زەوییەکە، بە یاسا لە پەرلەمانی کوردستان رێگە درا هەرچی زەوی زێدەڕۆ و کێشە لەسەر هەیە چارەسەر بکرێت، ئەمە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردی بە بڕیار بۆ هەموو پارێزگاکان، کە شارەوانییەکان بە خێرای ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی، گواستنەوە، گەیاندن و گەشتوگوزاری پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، یاسای ژمارە 3 ساڵی 2021ی هەموار کراو، یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کراو رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم کرا، دواتر لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاو کرایەوە، ماوەی 60 رۆژ دیاری کراوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەوەی دەست بە دەرکردنی رێنماییەکان بکات، وەزارەت هەستاوە بە پێداچوونەوە، بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە کەموکورتی نەبێت رەوانەی ئەنجوومەنی شوورا کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا یاساکە دەکەوێتە کار.
نزار مەلا غەفار، دەشڵێ: “لیژنە لە بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان، وەک قایمقام، بەرێوەبەری ناحیە و سەرۆک شارەوانییەکان پێک دێت بۆ تاپۆکردنی ئەو خانووانەی کە بەشێوەی زێدەڕۆیی دروست کراون، ماوەی یەک ساڵیش دانراوە بۆ ئەوەی سەرجەم خانووە بێتاپۆکان تاپۆ بکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی نرخی تاپۆکردن، گوتیشی: “بەپێی یاسا کۆنەکە، نرخ بەپێی مەتر بۆ هەر خانوویەک، لەگەڵ شوێنی خانووەکە دانراوە، بەجۆرێک لە سەنتەری شارۆچکەکان بڕی 5تا8 هەزار دینار بۆ هەر مەترێک، نرخەکە بۆ سەنتەری قەزاکان لە نێوان 10تا15 هەزار دینار، لە سەنتەری پارێزگاکانیش نرخی تاپۆکردنی هەر مەترێک زەویی خانووە بێ تاپۆکان لە نێوان 15تا30 هەزار دینار بوو، بەڵام بەپێی هەمواری نوێی یاساکە نرخ بەپێی نرخی زەوییەکە دیاری دەکرێت، کە بە رێژەی 5%ی نرخی زەوییەکە دەبێت، ئەم هەموارکردنەش دوای ئەوە دێت کە هەستمان کرد نادادپەروەرییەک لە نرخەکاندایە، بۆ نموونە نرخی 200 مەتر زەوی لە هەموو قەزاکان وەکو یەک بوو، بۆ مەترێک 10 هەزار دینار دیاری کرابوو، بە نموونە، ئەو پارچە زەوییەی کە لە کەلار هەیە هەمان نرخی تاپۆکردنی هەبوو لەگەڵ زەوییەک لە قەزای سۆران، لە کاتێکدا نرخەکانیان زۆر جیاوازە، بۆیە ناکرێت هەمان نرخ بێت بۆ تاپۆکردنی، بۆیە هەستاین بە دیاریکردنی نرخێک لە یاسای نوێی هەموارکردنەوەکەی، کە 5% نرخی راستەقینەی خەمڵێنراوی نرخی زەوییەکە دەبێت.
لەبارەی رووبەری ئەو زەوییانەی کە تاپۆ دەکرێن، نزار مەلا غەفار ئاماژەی بەوەش کرد:” وەکو پێشتر دەمێنێتەوە، لە ناحیە 300 مەتر، قەزا 250 مەتر و پارێزگا 200 مەتر، ئەو بڕگەیەی لە رەشنووسی یاساکەدا هەیە و پەیوەندیی بە کەسوکاری شەهیدانەوە هەیە، وەکو خۆی ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە لە تاپۆکردنی خانووەکانیان بە سوودمەند هەژمار ناکرێن.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی، ئاشکراشی کرد:” ئەو یاسایە سوودێکی زۆری دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی خانووە بێ تاپۆکان، هەروەها بڕێک داهات بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە، بەو داهاتە دەتوانرێت پرۆژەی خزمەتگوزاری بکرێت.
مەلا غەفار، جەختی لەوەشکردەوە:” ئەم یاسایە لە هی پشتر زۆر باشترە و دادپەروەری تێدایە، کاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، چونکە 300 تا 350 هەزار هاووڵاتی سوودمەند دەبن لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ و کۆتایی بەو دیاردەیە دێت لە هەرێمی کوردستان، هەروەها چەندین ساڵە هاووڵاتی هەیە لە خانووەکەی خۆی دەژیت، بەڵام تا ئێستا خانووەکەی بەناوی خۆی نیە، لێرە بەدواوە هاووڵاتیەکە بە پارەیەکی کەم دەبێتە خاوەن تاپۆ بەناوی خۆی ئەو خانووەی کە تێدا دەژیت.
نزار مەلا غەفار، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی، باسی لەوەشکرد:” لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین پرۆژە یاسا پەسەند کراون، بەتایبەتی لە لیژنەی شارەوانی، گەشتوگوزار، گواستنەوە و گەیاندن، کە تا ئێستا چوار یاسا پەسەند کراون، یاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان، یاسای شوێنەوار، یاسای فرۆشتنی مونتەکەلاتی دەوڵەت، لەگەڵ یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، یاسای گەشتوگوزاریش لە داهاتوودا پەسەند دەکرێت، کە ئەو یاسانە گرنگ و بایەخی خۆیان هەیە”.

ھەواڵی زیاتر