هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی لە سنوری پارێزگای نەینەوا ئۆپەراسیۆنێکیان کرد

وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر لە میحوەری شەش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کراوە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا چەندین تونێل کە جێگای خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش بووە تەقێنراونەتەوە.

جێگای ئاماژە پێکردنە، لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە یەکەمجارە لە سنووری پارێزگای نەینەوا هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش ئەنجام بدەن، ئۆپەراسیۆنەکە یەک رۆژ بەردەوام بوو، کە سنوورەکەی میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە بوو، توانراوە بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر ئەو ناوچانە ببپشکنن، کە داعش بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە خۆی تێدا حەشار دەدات، لیوا قارەمان شیخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ئۆپەراسیۆن روونیكرده‌وه‌، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر داواکاری وەزارەتی بەرگری عێراق بووه‌.
بە درێژایی سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە، ئەمە دەرفەتێکی زۆری لەبەردەم چەکدارانی داعش ڕەخساندووە تا بتوانن بە ئاسانی دزە بکەن و ناو بە ناو هێرش بکەنە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە کاتێکدایە، هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، لیواکان لە مەشقدان و بڕیاریشە نزیکەی دوو مانگی دیکە بچنە ئەو شوێنانەیبۆیان دیاری دەکرێت، بەڵام بە دوو لیوا ناتوانرێت ئەو سنوورە فراوانە کۆنترۆڵ بکەن، ئەم دوو لیوا هاوبەشە و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە هەنگاوی باش دەبینرێت.
ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندووە، ئەگەر بۆشاییە ئەمنیەکان لەو ناوچانە پڕ نەکرێنەوە، دوور نیە جارێکی تر داعش بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و سەعید مستەفا دەڵێت؛ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە گرنگ دەزانێت، بەڵام لەو بڕوایەدایە ئەگەر بۆشایی ئەمنییەکە پڕنەکرێتەوە؛ داعش دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
لە مانگی ڕابردوودا، چەکدارانی داعش لە هەموو سنورەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هێرشی کردووە و لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق هێرشەکان تێکشکێنراون و لە کۆتا جاریشدا چەکدارانی داعش ٢ پێشمەرگەیان لە پردێ شەهید کرد.
هەولێر