لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ سێشەمە 2021.11.9، بەئامادەبوونى، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەمەراسیمێکدا، وێستگەی مۆبایلی دیبەگە و ڕاکێشانى فیدەرەکانى کارەبا بەگوژمەی ( 2 ملیار و 15 ملیۆن دینار) لەسەر بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە گوندی ( گۆزە بانكە)ى کەندێناوە کرایەوە، کە گرفتى بار زۆرى 23 گوندى سنوورەکە چارەسەر دەکات.
لە ڕێورەسمەکەدا کە هەریەک لە بریکارى وەزارەتى کارەبا و قائیمقامى قەزایی مەخمور و بەڕێوەبەرى گشتیی دابەشکردنى کارەباى هەولێر و بەڕێوەبەرى ناحییەى دیبەگە و ژمارەیەک لە ئەندازیاران و بەرپرسانى دیکەى ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕاى سوپاس بۆ مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیر و وەزارەتى کارەبا، بۆ ئەنجامدانى هەموو ئەو پڕۆژانەى لە پێناو باشترکردنى دۆخى کارەباى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراون، دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتى گشتیى دابەشکردنى کارەبا و بەڕیوەبەرایەتییەکانی کرد و ڕایگەیاند: “کردنەوەى ئەم پڕۆژەیە بە تەئکید ڕۆڵێکى کاریگەرى دەبێت لە کەمکردنەوەى بارزۆرى و گرفتەکانى کارەبا لە دیبەگە، قەراج، کەندێناوە، لەپلانى کارەکانماندا لەگەڵ وەزارەتى کارەباش لەڕێگەى تیمى قائیمقامیەتەکان و بەریوەبەرایەتییەکانى کارەبا لە هەماهەنگیداین بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانى زێدەڕۆیی و ئەنجامدانى سەرپێچى لەسەر تۆڕەکانى کارەباى نیشتیمانى کە لەپێشوتریشدا لە هەڵمەتێکدا بە چڕى کارمان لەسەر ئەو بابەتەکردووە و ئێستاش بەردەوامین، داواش لە هاوڵاتییان دەکەین هاوکارمان بن”.