چوار ساڵ دوای شکستی داعش، هێشتا 300 هەزار ئێزدی ئاوارەن

چوار ساڵە ئیمارەتە ئیسلامییەكەی عێراق و شام ناسراو بە (داعش) تێك شكاوە. دوای ئەو شکستە خەڵک هیوادارن بوون بە یەکجاری بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان بەڵام حکوومەتی عێراق هەرگیز نەیتوانی ئاسایشی بۆ ناوچەکان دابین بکات و ئاوەدانیان بکاتەوە کە کەوتبوونە بەر پەلاماری داعش. چوار ساڵ دوای شکستی داعش هێشتا 300 هەزار ئێزدی ئاوارەن و لە هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری ئاسایش و ئارامیدا دەژین.

کەمپی مام رەشان کەوتووەتە پاریزگای دهۆک و لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دامەزراوە و بووەت وێنێک بۆ شوینی داڵدەدانی ئاوارە ئیزدییەکان. نزیکەی شەش ساڵ لەو کاتە تێدەپەڕێت و ئاوارە ئیزدییەکان هێشتا لە شوێنی خۆیانن و هەزار و ٥٠٠ خێزانی تێدا نیشتەجێیە و خەریکە لە کەمپێکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون دەگۆڕدرێت.
ئاژانسی دۆیچەوێلەی ئەڵمانی سەردانی ئەو کەمپەی کردووە و سەردانی ماڵێک دەکات کە شەش ساڵە لە کەمپەکە دەژیت. موزەفەر ئاوارەیەکی ئیزدییە کە تەمەنی ٣٠ ساڵە، بەڵام لەبەر سەختیی رۆژگار، ئەو زۆر پیرتر دەردەکەوێت، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شنگال، خێزانی موزەفەر لە شارەکە بوون.
ئەو دەڵێت “داعش هات و هەموومانی گرت، ئەوان هەوڵێکی زۆریان دا تا ئایینمان بگۆڕین، بەڵام وەک ئەوەی موعجیزەیەک رووی دابێت دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا بەرەو چیاکان را بکەین. بە پێچەانەی زۆربەی خێزانەکانی تر، خێزانەکەی ئێمە چانسێکی باشی هەبوو، چونکە تەنیا لە هەفتەی یەکەمی هێرشەکەی داعشدا ١٢ هەزار ئیزدی کوژران یان رفێندران.”
جگە لەمە، زۆرێک لە ئێزدییەکان لە کاتی هەڵاتن و سەختیی رێگا گیانیان لەدەست دا، خەڵکی بەتەمەن و ئەوانەی هەرگیز ئامادە نەبوون ئاییینی خۆیان بگۆڕن لە لایەن داعشەوە کوژران، منداڵەکان رفێنران و مێشکیان شۆردرایەوە تا ببن بە بەشێک لە چەکدارانی داعش. کچان کران بە کۆیلە و بەشێکیان بە زۆر لە چەکدارانی داعش مارە کران و بەشیکی تر دەستدرێژییان کرایە سەر. هێشتا ژمارەیەکی زۆریان بێ سەروشوێنن و ژمارەیەکی زۆری گۆڕی بەکۆمەڵیش هەن کە هی ئیزدییەکانن و هەڵنەدراونەتەوە.
تیرۆریستانی داعش کە خۆیان بە دەوڵەتی ئیسلامی ناساندبوو لە ساڵی ٢٠١٧دا، لە عێراق بە تەواوی شکستیان خوارد، ئەمە بووە ئومێدێک بۆ ئەو ئاوارانە تا بگەڕێنەوە ماڵیان، بەڵام هێشتا ٣٠٠ هەزاریان لە ئاوارەییدا دەژین.
ئاژانسەکە ئاماژەی داوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری نەگەڕانەوەی ئەو ئاوارانە، تەنیا ئەوەندە بەسە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەو ناوچانە بچی کە ئێزدی نشینن و لە ژێر دەستی حکوومەتی عێراقدان. هەر کە هەریمی کوردستان جێ دەهێڵی بە تەواوی دیمەنەکان دەگۆڕدرێن، تێلدڕووی سەربازی، بنکەکانی چاودێریی سەربازی و چەک و پاشماوەکانی جەنگ و ئۆتۆمبێلی تێکشکاو و زبڵدان و دیمەنی رووخاوی باڵەخانەکان و وێرانبوونی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە بەرچاو دەکەوێت و بە دەگمەن چاوت بە دارێک یان دیمەنێکی ئاوەدانکردنەوە دەکەوێت.
توماس ئیشمیدینگەر، پسپۆڕێکی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نەمسا دەڵێت: لە ناوچەکە ژمارەی گرووپە میلیشیاکان یەک جار زۆرن و بەشێکیان سەر بە حەشدی شەعبین، بەشێکیان سەر بە پەکەکەن کە هێزێکی نایاسایین لە ناوچەکە و بەشیکی تریان لە ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە و پێشمەرگەش لە سنوورەکانی خۆی نیشتەجێیە و نێوە نێوەش فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەکە بۆردومان دەکەن و دۆخی نائەمنی بەسەر ناوچەکەدا زاڵە.
ئەوەی وای کردووە ئەو ئاوارانە بۆ ناوچەکانی خۆیان نەگەڕێنەوە پرسی ئەمنییە و بە گوتەی پسپۆڕە نەمساییەکە جگە لە میلیشیاکان، تیرۆریستانی داعش لە گوند و شارە دراوسێ عەرەبنشینەکان چالاکییان هەیە و بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بۆیەش ئێزدییەکان کە پێشتر قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازار و ئەشکەنجەیان چێشتووە، هەرگیز ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنێک، کە دووبارە مەترسی داعشی لەسەر بێت.
ئەوەی تارادەیەک ئاسایشی بۆ دابین کراوە شارۆچکە سنوونێیە کە کەوتووەتە باکووری شنگال، بەشیک لە خێزانەکان بۆ ماڵەکانیان گەڕاونەتەوە.
موزەفەر و هاوسەر و منداڵەکانی هیچ ئومدێکیان نییە تا بۆ ماڵەکەیان بگەرێنەوە و بۆیە لەگەڵ هەزاران بنەماڵەی تر پێیان باشە لەو کەمپەدا بمێننەوە و لانی کەم دڵنیان لەوەی لە هەرێمی کوردستان لە ئاسایش و ئارامیدا دەژین. کوڕە تەمەن ١٠ ساڵەکەی کە هاوشێوەی منداڵانی ئەڵمانیا سەعاتێکی زیرەکی لەدەستدایە و جلکی بارسیلۆنای پۆشیوە لە تەنیشت باوکی دانیشتووە و کاتێک لێی دەپرسین خەونت چییە لە وەڵامدا دەڵیت “تەنیا دەمەوێت بژیم و کەس نەمکوژێت: دواتر بە کەمێک بزەوە شەرم دایدەگرێت وەک ئەوەی داخوازییەکی گەورەی پێشکەش کردبێت.

ھەواڵی زیاتر