د. پێشەوا محەممەد: ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دوای ساڵی 2050 ئەگەرێکی حەتمییە

پسپۆرێکی بواری جیۆفیزیک دەڵێت، “پێشبینی دەکەم کەمبارانی لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت”. 

د. پێشەوا محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری جیۆفیزیکی باسی لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد و گوتی، لە نێوان ساڵانی 1850 تاوەکو 1950 بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کەم بوو، بەڵام له‌ دوای ئەوە ساڵانە پلەی گەرما بە رێژەی 0.2 بەرزبووه‌ته‌وه.

 د. پێشەوا محەممەد گوتیشی، ئێستا پلەی گەرمی 1.2 پلە بەرزبووەتەوە و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت تاوەکو ساڵی 2050 زیادبوونەکە دەگاتە 2 پلە، هەر بۆیە وڵاتانی بەشدار لە cop26 لە گلاسگۆ هەوڵی ئەوە دەدەن بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی لە 1.5 رابگرن. 

لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی بۆ دوو پله،‌ ئەو پسپۆری جیۆفیزیکە دەڵێت، ساڵی 2050 هەموو سیستەمی ژینگە و ئاو و هەوای جیهان تێکدەچێت و بەکتریا و دەردانی گازە ژەهراوییەکان زیاد دەکات، “ئەگەری لەناوچوونی مرۆڤ لەسەر زەوی دوای ساڵی 2050 ئەگەرێکی حەتمییە”. 

لەباره‌ی باران بارینیشه‌وه‌ د. پێشه‌وا گوتی: لە هەندێک ناوچە هیچ بڕە بارانێک نابارێت تەنیا لەو ناوچانە نەبێت کە نزیکی دەریان، لە هەندێک ناوچەش لەبەر لافاو خاک نامێنێت مرۆڤ تێیدا بژی، گیانداره‌ ئاوییه‌كانیش نامێنن، بێجگه‌ له‌ هه‌ندێك قەوزە و بەکتریا.

 لەبارەی کاریگەریی ئەو گۆڕانەی کەشوهەوا لەسەر کوردستان هەیەتی د. پێشەوا گوتی، پار بڕێکی کەم باران باریوە و ئەمساڵیش بڕێکی کەم، ئەگەریش هەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا بەو شێوەیە بەردەوامبێت، یان ئەگەر ببارێت لە ماوەیەکی کەم بڕێکی زۆر دەبارێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو وەک ئەوەی لە هەولێر روویدا.  

د. پێشەوا باس لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان دەکات بۆ 46 سانتیمەتر کە هەندێک ناوچە دەکەونە ژێر ئاو، بە نموونەش شاری بەسرە لە خوارووی عێراق، کە بە گوتەی ئەو، تا ساڵی 2035 ژێرئاو دەکەوێت، بەو هۆیەشەوە نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە عێراق ئاوارە دەبن. 

ھەواڵی زیاتر