بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە:پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەباشی دەچێتە پێشەوە

عەمید عوسمان محەمەد ڕیشە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێ، پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە بە شێوەی کرداری دەستی پێ کردووە و یەکەیەکی حیسابی دروست کراوە. دەشڵێ، بەراورد بە ساڵی رابردوو، جووڵە و ژمارەی چەکدارانی داعش زیادی کردووە، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەبێت، چەکدارانی داعش جووڵە و هێرشیان دەبێت.

  • هۆکاری زیادبوونی جموجۆلی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • بەراورد بە ساڵی رابردوو، جووڵە و ژمارەی چەکدارانی داعش زیادی کردووە، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان هەبێت، چەکدارانی داعش جووڵە و هێرشیان دەبێت، دەمێکە هۆشداریمان داوە، داعش دەتوانێت جووڵەی زیاتر بکات و جموجۆڵەکانی خێراتر بکات، هەتا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، لەو ماوەیەدا لە چەند ناوچەیەک جموجۆڵی هەبوو، هۆکارەکەش هەموو بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە فەڕاغی ئەمنی هەیە، فەڕاغە ئەمنییەکە هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی داعش بە ئاسانی بتوانێت بحەوێتەوە، بە ئاسانی بتوانێت هاتووچۆ بکات و بگاتە سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەگەر بمانەوێت داعش نەمێنێت دەبێت ئەو فەڕاغە ئەمنییەی کە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بە هەر دوولا دەبێت پڕ بکرێتەوە و نەمێنێت.
  • چی روودەدات ئەگەر بارودۆخەکە هەر بەو شێوەیە بێت؟
  • داعش زیاتر خۆ توکمە دەکات، دەتوانێت چالاکییەکانی زیاتر بکات، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆییەکان لە نێوان هەر دوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بەردەوامە، هەر دوولا دڕکیان بەو راستییە کردووە کە بارودۆخی ئەم ناوچانە پێویستە چارەسەر بکرێن، لەرووی سەربازییەوە پێشتر کەمتەرخەمییەک هەبووە لەلایەن عێراقەوە، بەڵام ئێستا هەست دەکرێت ئەو کەمتەرخەمییە وردە وردە باشتر دەبێت، ئەوانیش درکیان بەوە کردووە دەبێت، هێزە ئەمنییەکان لە سەرتاسەری عێراق بەیەکەوە رووبەرووی تیرۆر ببنەوە، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی بتوانن مەترسییەکانی تیرۆر بە تەواوەتی لەناو ببەن.
  • بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چی کراوە؟
  • چاکسازی بەردەوامە، خالەکانی چاکسازی بەردەوام کاریان لەسەر دەکرێت، دواین کار کە کراوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی یەکخراوەتەوە، لەم مانگەوە مووچەی لیوای یەکی پیادە لە رێگەی چەکەوە دەدرێت، هەوڵدەدرێت تەواوی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە حسابی بانکییان بۆ بکرێتەوە، هەروەها لەرووی هۆشیاری و راگەیاندنەوە پرۆژەیەکی گرنگ هەیە، پرۆژەکە ناوی ستراتیژیەتی میدیا و هۆشیارییە دەکەوێتە کار و بەشێک لەو فەوزا میدیاییەی کە لەسەر پێشمەرگە هەیە ناهێڵێت، خیتابی پێشمەرگە یەکدەخات، پرۆژەکانی دیکەش لە بوارەکانی لۆجستی و ئاسایشی سەربازی مەشق و راهێنان بەرە بەرە جێگەی خۆیان دەگرن، بۆیە چاکسازییەکان پێشکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە.
  • ئەی پرۆژە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو چی بەسەر هات؟
  • ئەو پرۆژەیە پرۆژەیەکی دیکەیە لە چاکسازییەکان قۆناغی باشی بڕیوە ئەو خانەنشینانەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەنە دەگوازرێنەوە سەر خانەنشینی، کە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەم پرۆسەیە لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە و دەبێتە پڕۆژەیەکی خانەنشینیی یەکگرتوو، هەر کەسە و بە ‌حەقی خۆی مووچە وەردەگرێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە.
  • بڕیاری پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە درا، لەو روویەوە چی کراوە؟
  • پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگە کاری تێدا دەکرێت و بەرەو کۆتاییە و ئۆمێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە دەست پێ بکاتەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە پێشمەرگە ساڵانە بەپێی ئەو رێنمایانەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، پلەکان بەرز دەکرێنەوە ئەمە پرۆسەیەکە بەردەوامی دەبێت.
  • بۆ پەکەکە و تێکچوونی بارودۆخی ناوچە سنوورییەکان چیت هەیە؟
  • پەکەکە هێزێکی نامۆیە لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، لەو ماوەیەدا جموجۆڵەکانی پەکەکە زیادی کردووە، بەربەستی ئەمنی زیاتر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن، پێویستە پەکەکە بەخۆیدا بچێتەوە و بە عاقلانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکات، حکوومەتی هەرێم هەموو کات ویستوویەتی دۆسیەی پەکەکە گرژی تێ نەکەوێت، بەڵام پەکەکە بەردەوام هەوڵدەدات پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان رابکێشێت بۆ دۆخێکی نەخوازراو، مەبەستیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەیەنێتە حاڵەتێک کە کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ پەکەکە بەجۆرێکی دیکە یەکلا بکاتەوە”.
ھەواڵی زیاتر