وەزیری پەروەردە؛ زیاتر لە ٨٠٠ قوتابی لە قوتابخانەی گوندی کۆری سوودمەند دەبن

سەرباری قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکان حکوومەتی هەرێم بە بایەخەوە دەڕوانێتە گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردەی بناغەی قوتابخانەی کۆری لە هەولێر، کە تیایدا سەرۆکی حکوومەت ئامادە بوو، ڕایگەیاند؛ زیاتر لە ٨٠٠ قوتابیی دانیشتوانی گوندی کۆری لەو قوتابخانەیە سوودمەند دەبن کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا.
وەزیری پەروەردە، تیشکی خستە سەر گرنگیپێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری فراوانکردن و گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و ڕایگەیاند؛ سەرباری قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بە بایەخەوە ڕوانیویەتە گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی.
ڕاشیگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە ڕوانیویەتە گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی و لەو بارەیەشەوە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی ڕاستەوخۆ بووە و هانی وەبەرهێن و سەرمایەدارانی داوە بۆ ئەوەی دەستباری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن و لە چوارچێوەی پابەندیی کۆمەڵایەتیدا ئەرکێکی نیشتمانی بەجێ بێنن”.
ئالان حەمە سەعید، باسی لە ڕۆڵی سەرمایەداران کرد لە پێشخستنی کەرتی پەروەردە و گوتی؛ وەک چۆن لە ڕابردوودا بینیمان سەرمایەدارێک لە زاخۆوە قوتابخانەی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی دروست کرد و پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی کرد، ئەمڕۆش دەبینین پاش ئەو موبادەرەیەی کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە 21/9/2019 لە کاتی لێدانی زەنگی خوێندن داوای کرد لەپاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا سەرمایەدارانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و چەند مانگێک پێشتر لە سلێمانییش وەڵامدەرەوەیەکی ئیجابی بووە بۆ ئەو هەڵمەتەی کە جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە و لەوێش بەردی بناغە قوتابخانەیەکی ١٢ پۆلیی داناوە.
لە کۆتاییشدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، جەختی لە بەردەوامی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بواری پەروەردەیی و ڕایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری قەیرانە ئابووری و تەندروستییەکان بەردەوام دەبێت لەسەر گەشەپێدانی کەرەتی پەروەردە و فراوانی و گەشەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی.
گوندی کۆری لە هەولێر، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی لافاوەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵەکانیان کەوت و سەرۆکی حکوومەتیش لە نزیکەوە زیانلێکەوتووانی بەسەر کردەوە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی پێدان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردەی بناغەی قوتابخانەکەشیان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، ڕایگەیاند؛ لەکاتی بەسەر کردنەوەی زیانلێکەوتووان، منداڵێک لە بری داوای هاوکاری بۆ خێزانەکەی داوای کردنەوەی قوتابخانەی کردووە و ئەویش بەڵێنەکەی بەجێگەیاند.

ھەواڵی زیاتر