زیاتر لە هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ماون و نەگەڕاونەتەوە

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیامنێری “هەولێر”، زیاتر لە هەزار خێزانی هەرێمی کوردستان لە ئێران ماون، كە بەهۆی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی توانای گەڕانەوەیان نییە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ماددەی 32ی دەستوور، ئەرکی حکوومەتی عێراقە قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا ئاوارە بوونە، یان زیانیان بەر کەوتووە.

هاشم فەهمی، کە ساڵی 1975 ئاوارەی ئێران ببوو و ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و ئێستا لە سۆران نیشتەجێیە، بۆ “هەولێر” دەڵێ: “لەو ماوەی کە ئاوارە بووین، تا گەڕانەوەمان تووشی کێشە و گرفتێکی زۆر بووین، دوای گەڕانەوەمان بۆ هەرێمی کوردستان، تا خۆمان گرتەوە کاتێکی زۆری برد، بەردەوام لەلایەن رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ناومان تۆمار دەکرا، بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێینەوە، پێش شەڕی داعش چەند خێزانێک لەو ماوەی کە ئێمە گەڕابووینەوە قەرەبوو کرانەوە، بەڵام ئەو قەرەبوویە بەر ئێمە نەکەوت، بۆیە تا ئێستا هەر چاوەڕوانین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین ئێمەش قەرەبوو بکەنەوە کە تا ئێستا ئەو 20 ملیۆن دینارەمان وەرنەگرتووە.
نێچیرڤان مونیر، هاووڵاتیەکی دیکەیە، بۆ” هەولێر” گوتی: “لەبەر زۆری و زۆرداری رژێمی بەعس ئاوارەی ئێران بووین، لەوێش رژێم لە ئێمە نەگەڕا و ئۆردووگای زێوەی بۆردومان کرد، کە بەو هۆیەوە چەندین کەس لە خزم و کەسانی خۆم لەدەستدان، دوای ئەوەی ساڵی 1993 گەڕاینەوە نیشتمانەکەی خۆمان کە هەرێمی کوردستانە، ناومان لە بەڕێوەیەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران تۆمار کرد، بۆ ئەوەی کاتێک ئەو خەڵکەی زیانی بەر کەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە، ئەو قەرەبوویە ئێمەش بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تەنیا چەند خێزانێک قەرەبوو کراونەتەوە، بۆیە داوا دەکەین ئەو قەرەبووە ئێمەش بگرێتەوە وەکو هەر خەڵکێکی دیکە کە قەرەبوو کراونەتەوە.
خورشید جاسم، ئاوارەیەکی دیکەیە و ساڵی 1991 لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە، بۆ “هەولێر” درکاندی: “ئەرکە لەسەر حکوومەتی عێراق کە قەربووی هەموو ئەو کەسانە بکاتەوە کە ئاوارە بوونە، یان زەرەرمەند بوونە لە سەردەمی رژێمی بەعس، بۆچی خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق قەرەبوو دەکاتەوە، بەس خەڵکی هەرێمی کوردستان قەرەبوو ناکاتەوە، بۆیە داوا لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکەین بۆ ئەو بابەتە بە جددی بێنە سەر خەت، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئێمەش وەکو خەڵکی ئەو ناوچانە قەرەبوو بکرێینەوە”.
عەلی عیسا، کە ساڵی 1980 ئاوارەی ئێران بووە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە، بۆ “هەولێر” روونی کردەوە: “زۆر حەز دەکەم بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان ئەو تەمەنەی کە ماوە لە هەرێمی کوردستان بەسەر ببەم، بەڵام بەداخەوە باری دارایی رێگرە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە، داوا لە UN و هەر دوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم، هاوکارمان بن بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە، هەر نەک من بەڵکو بە سەدان خێزان خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر خراپی باری دارایی توانای گەڕانەوەیان نییە.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، بە “هەولێر”ـی گوت: “ساڵی 1991ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 23 هەزار خێزانی ئاوارەبووی هەرێم بە فەرمی لە ڕێگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان، 3 هەزاریش بە رێگەی نافەرمی گەڕاونەتەوە، گەڕانەوەی ئاوارەکانیش بەردەوامە، تەنیا ئەمساڵ 16 خێزان گەڕاونەتەوە، بەشێکی زۆر لە ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێران ماون خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام لەبەر خراپی ڕەوشی دارایی تا ئێستا نەیان توانیوە بگەڕێنەوە، لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی کە دەگەڕێنەوە لەبەر قەیرانی دارایی ناتوانین هاوکاریان بکەین، پاش نەمانی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی خەڵکی ئێمە کە لەو وڵاتە ماون کە زیاتر لە هەزار خێزان دەبن دەگەرێنەوە هەرێمی کوردستان و ئێمەش هاوکار دەبین، کە لە ساڵانی رابردوو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کە ئیدارەی سۆران لەخۆ دەگرێت 877 خێزان لە 20 ملیۆن دینار سوودمەند بوونە، زیاتر لە 12 هەزار خێزانیش ماون قەرەبوو بکرێنەوە”.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، دەشڵێ: “بەداخەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی لەو پەنابەرانە نەکردۆتە خاوەن، لە هەمان کاتیشدا حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە هاوکارینەکردنی ئەو پەنابەرانە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ماددەی 32 دەستوور، ئەرکی حکوومەتی عێراقە قەرەبووی ئەو خەڵکە بکاتەوە کە لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارە بوونە و زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق یەک دینار هاوکاری پەنابەرەکانی هەرێمی کوردستانی نەکردووە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان کە ئەوە هەموو حەز و ئاواتییانە.

ھەواڵی زیاتر